كڕینی ستارلینك سزای بەندكرانی بۆ دیاری كرا

پەیامی کورد ... كڕینی ستارلینك سزای بەندكرانی بۆ دیاری كرا
;سەركوتكردنی خەڵك لەلایەن ڕێژیمی ئێران ەوە لە هەموو ڕێگەیەكەوە بەردەوامە
بەپێی زانیارییە بڵاوەبووەکان لە گەڵاڵەی نوێی مەجلیسی ڕێژیم سەبارەت بە چڕکردنەوەی سزاکان بۆ سەر سیخوڕان و یارمەتیدەرانی ئیسرائیل، کڕین و فڕۆشتنی ئینتەرنێتی "ستارلینک"، لە ٢ تا ١٠ ساڵ بەندکرانی بۆ دیاری کراوە.
ڕێکەوتی ٢ی پووشپەڕ، نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم گەڵاڵەیەکیان لەژێر ناوی "چڕکردنەوەی سزاکانی سیخوڕی و یارمەتیدەرانی ئیسرائیل و ووڵاتانی دوژمن بە دژی ئەمنییەت و بەرژەوەندییەکانی میللی" پەسەند کرد کە لە بەشێک لەو گەڵاڵەیەدا کڕین و فرۆشتنی ئینتەرنێتی ستارلینک بۆ هاووڵاتییان قەدەغە کراوە و هەروەها سزای ٦ مانگ تا ٢ ساڵ بەندکرانی بۆ دیاری کراوە.
هەروەها یاساکە جەخت دەکاتەوە کە ئەگەر کەسێک بە مەبەستی بەرپەچدانەوەی هەوڵەکانی دەسەڵات بۆ پچڕانی ئینتەرنێت، زیاتر لە ١٠ ئامرازی ئینتێرنێتی ستارلینک هاوردە بکات، سزاکەی لە ٥ـەوە تاکوو ١٠ ساڵ بەندکران، زیاتر دەبێت.
یاساکە هەر چەشنە هەوڵێک بۆ یارمەتیدانی ئیسرائیل و ئەمریکا یان بە وتەی خۆیان ووڵاتانی دوژمن، وەک "افساد فی الارض" دێنێتە ئەژمار و سزای لەسێدارەدانی بۆ دیاری کردووە.
لە بەشێکی دیکەی یاساکەدا هاتووە کە هەر چەشنە چالاکییەک وەک بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست، بەرهەمهێنانی نێوەڕۆکی میدیای کە بە وتەی مەجلیسی ڕێژیم "ببێتە هۆی لێکترازان، تۆقاندنی گشتی و زیان بە ئەمنییەتی میللی"، سزای ١٠ تا ١٥ ساڵ بەندکرانی بۆ دیاری دەکرێت.
هەروەها جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە گرتنی وێنە و گرتە ڤیدیۆ بۆ کاناڵەکانی دەرەوەی ووڵات ٢ تا ٥ ساڵ و کۆبوونەوە و ناڕەزایەتیش لە کاتی شەڕدا ٥ تا ١٠ ساڵ بەندکرانی بەدواوە دەبێت.
پەسەندکردنی ئەم یاساگەلە کە فشاری ڕاستەوخۆ دەخاتە سەر خەڵک، پاش تەواوبوونی شەڕی ١٢ ڕۆژە پەرەی سەندووە.
بە ووتەی ناوەندە مافی مرۆڤییەکان، ڕێژیم وەک هەوڵەکانی خۆی لە ڕابردوودا، جارێکی دیکە بۆ سەرپۆش خستنەسەر شکستەکانی، بەتایبەتی شکستەکانی بەرامبەر بە ئیسرائیل و ئەمریکا، دەستی کردووەتەوە بە سەرکوتی بەربڵاوی خەڵکی ئێران.
هەر لەم ماوەیەدا ڕێژیم هەزاران هاووڵاتی بەتۆمەتگەلی هاوکاری کردن لەگەڵ ئیسرائیل دەست بەسەر کردووە و تاکوو ئیستاش ٦ کەسی لە سێدارە داوە.





