هجری: مافی چارەخۆنووس بۆ خەڵکی سوەیدا مافێکی ڕەهایە و ناتوانرێت هەڵبوەشێتەوە
پەیامی کورد- سوەیدا
حیکمەت هیجری، سەرکردەی ڕۆحی کۆمەڵگەی دروز، دوێنێ دووشەممە ڕایگەیاند، " چارەخۆنووس بۆ خەڵکی سوەیدا مافێکی ڕەهایە و ناتوانرێت هەڵبوەشێنرێتەوە".
لە دوای ڕووداوەکانی سوەیدا کە لە مانگی تەمموزی ڕابردوودا سەریان هەڵدا، گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان دانیشتوانی سوەیدا و حکومەتی ئینتقالی دیمەشق بە بەرزی ماوەتەوە. هێشتا هەردوولا نەگەیشتوونەتە سازانێکی قبوڵکراوی هەردوولا، سەرەڕای دەستوەردانی چەند لایەنێک بۆ چارەسەرکردنی کێشە بەردەوامەکان، دیارترینیان ئەمریکا و ئوردنن.
هەجری لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ سکای نیوز عەرەبستان داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد دان بەو جینۆسایدەدا بنێن کە خەڵکی سوەیدا تووشی بوون و وتی: زۆر گرنگە ڕاستییەکان دەربارەی ئەوەی ڕوویداوە ئاشکرا بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، "ژمارەی ڕفێنراوەکان 600 کەس تێدەپەڕێنێت، کە ژنانیشیان تێدایە و حکومەت لە دیمەشق ڕێگری لە هەر دانوستانێک دەکات سەبارەت بەوانە". ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی لێدوانەکانی، "حکومەت لە دیمەشق هێشتا پابەند نەبووە بە چۆڵکردنی گوندە زیانلێکەوتووەکان و پێداگری لەسەر شێواندنی ڕاستییەکان دەکات".
هەروەها حجری لە لێدوانەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە "دیدگاکەیان لەسەر بنەمای سەربەخۆیی تەواوەتی پارێزگای سوەیدا دامەزراوە".