ئەنجوومەنی وەزیران داواکارییەک ئاراستەی حکوومەتی فیدراڵ دەکات

Dîroka Belavkirin :
ئەنجوومەنی وەزیران داواکارییەک ئاراستەی حکوومەتی فیدراڵ دەکات
پەیامی کورد    ...   ئەنجوومەنی وەزیران داواکارییەک ئاراستەی حکوومەتی فیدراڵ دەکات

چوارشەممە 1/14، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان یەکەمین کۆبوونەوەی ساڵی نوێی ئەنجامدا.

لە کۆبوونەوەدا، گفتوگۆ لەبارەی پوختەی دۆخی داراییی ساڵی 2025 کرا و بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی دارایی 2026 و کارکردن بۆ خەرج کردنی مووچە دواکەوتووەکانی هەرێم و شایستە دارایی یەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵەوە، تاووتوێ کرا.

لەمبارەوە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، ڕاپۆرتێکی وورد و پڕ لە زانیاری دۆخی دارایی خستەڕوو سەبارەت بە داهات وخەرجیەکانی ساڵی دارایی 2025 و پێشبینی و ئامادەکارییەکان بۆ ساڵی دارایی 2026.

ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ هەردوو مووچەی مانگی یازدە و دوازدەی 2025 و مووچە خەرجنەکراوەکانی ساڵانی 2023 و 2024 خەرج بکات کە بێ هیچ بیانوو و هۆکارێکی یاسایی و دەستووری نەیناردوون، چوونکە مووچە مافی یاسایی وشایستەی مووچەخۆرانی هەرێمە و حکوومەتی هەرێم و خەڵکی کوردستان دەستبەرداریان نابێت، هەروەک دادگای باڵای فیدڕاڵیش جەختی لێ کردەوە کە پێویستە بابەتی مووچە تێکەڵی ناکۆکییەکان نەکرێت ، بە تایبەتیش کە هەرێمی کوردستان سەرکەوتووانە، ڕێكکەوتنامەی سێ لایەنی هەناردەی نەوتی جێبەجێ کردووە و ڕۆژانە بە تێکڕایی 220 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ کراوە و لە بازاڕی جیهانی فرۆشراوە و داهاتەکەی بە کاش لە گەنجینەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، وەک داهاتی کۆتایی تۆمارکراوە، ئەمە سەرەڕای ناردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتە نانەوتیەکانی هەرێمی کوردستان و ڕەوانەکردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، بەڵام سەڕەڕای هەموو ئەمانەش ، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، هیچ پارەیەکی لە تەرخانکراوەکانی هەرێم بۆ خەرجی بەکاربردن و وەبەرهێنان لە یاسای بوودجەی عێراق خەرج نەکردووە، هەرچەندە تەرخانی داراییش هەبووە.

ئەنجوومەنی وەزیران هەروەها دووپاتی کردەوە کە بۆ ساڵی دارایی داهاتوو، دەبێت لە یاسای بوودجەی فیدڕاڵی حكوومەتی فیدراڵ، بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان دەستنیشان بکرێت و وەزارەتی دارایی فیدراڵ پابەند بکرێت کە بەشە بوودجەی هەرێم بنێرێت وەک هەرێمێکی دەستووری و فیدراڵی کە بە پێی دوایین سەرژمێری عێراق کە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە ئەنجامدرا، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم زیاتر لە 14 ٪ ە و دەبێ بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان بە پێی ئەو ڕێژەیە دەستنیشان بکرێت.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، گفتوگۆ لەبارەی بەرەوپێش چوون و بەردەوامبوونی جێبەجێ کردنی ڕێککەوتننامەی سێ لایەنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرا کە لە سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2025 ، بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە، لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ کراوە و ڕێککەوتنەکەش بەردەوامە و نوێش کراوەتەوە.
لەم ڕووەوە، کەمال محەمەد وەزیری سامانە سرووشتییەکان ، داتا و زانیاری پێویستی لەبارەی بڕی نەوتی هەناردەکراو و داهاتی بەدەست هاتووی فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەی دانووستانی ڕاسپارد ، چوارچێوەی دەستووری و یاسایی و دارایی بۆ ڕێکخستنەوەی بابەتی بوودجە وشایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان پشت بە ماف ودەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێم ئامادە بکات و بکرێتە بنەمای گفتوگۆ و دانووستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدڕاڵ و لە ئێستاشەوە، لیژنەی دانوستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانیەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران و وەزیرە کوردەکان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە هاوبەشی لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ کاربکەن لە پێناو دابین کردنی شایستە داراییەکانی هەرێم و بە تایبەتیش مووچە و شایستەداراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم.

هەروەها هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و سامانە سروشتییەکان و شاندی دانووستانکار ڕاسپێردران کە بەردەوام بن لە جێبەجێ کردنی پابەندییەکان و هیچ بیانوو و پاساوێک بۆ حکوومەتی فیدڕاڵی نەهێڵنەوە بۆ دواخستنی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم.

14 کانوونی دووەم 2026