پەیامی کورد ... بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت بەردی بناغەی چەندین پڕۆژە لە زاخۆ دانرا
بە ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە چاودێری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بەردی بناغەی ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری نوێ بە گوژمەی زیاتر لە 24 ملیار و 530 ملیۆن دینار لە سنووری ئیدارەکە دانرا.
بەپێی ڕاگەێندراوی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، شەممە، بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری نوێ لە سنووری ئیدارەکە دانرا، کە بە فەرمان و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جێبەجێ دەکرێن.
گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، سەرپەرشتی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەکانی کرد کە گوژمەی گشتییەکەیان زیاتر لە 24 ملیار و 530 ملیۆن دینارە و پێکهاتبوون لە :
• درووستکردنی شەقام و سۆلینەکانی ئاوەڕۆ لە گەڕەکی بارزان و دروستکردنی شەقامەکانی گەڕەکەکانی ئەیلوول و پێشمەرگە.
• درووستکردنی شەقام و سۆلینەکانی ئاوەڕۆ لە گەڕەکی تلکەبەرێ و دانانی هێماکانی هاتوچۆ بۆ جووتسایدی ئیبراهیم خەلیل تا باتێل.
• درووستکردنی پردی سەروو (Overpass) و ژێروو (Underpass) بۆ ڕێگای خەبات - گوندک.
گوهدار شێخۆ ڕایگەیاند، بە ڕاسپاردەکانی سەرۆکی حکوومەت، کاروانی ئاوەدانی لە هەموو بوارەکاندا لە تەواوی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە قەزا و ناحیە و گوند و کۆمەڵگەکانیەوە، بەردەوامە.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ ئاماژەی بەوەش دا "زاخۆ بەرەو مێژوویەکی دیکەی دەڕوات، بەتایبەت لە کەرتی وەرزش دا، کە وەک جەماوەر بووەتە پاڵێوراوی فیفا لەسەر ئاستی جیهان، ئەمەش هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پاڵپشتی و ئاوەدانی و خزمەتگوزارییانەی پێشکەش دەکرێن".