پەیامی کورد... دیمەشق دەست دەکات بە جێبەجێکردنی مەرسوومی پێدانی ڕەگەزنامە بە هاووڵاتیانی کورد
ئەنەس خەتتاب، وەزیری ناوخۆی سووریا، ئەمڕۆ چوارشەممە، بڕیارێکی دەرکرد کە تێیدا فەرمان دەکات بە دەستبەجێ کارکردن بۆ جێبەجێکردنی مەرسوومی ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠٢٦، سەبارەت بە پێدانی ڕەگەزنامەی سووری بەو هاووڵاتییە کوردانەی نیشتەجێی خاکی سووریان، بەوانەشەوە کە ناویان لە تۆمارەکاندا نییە (مەکتوومولقەید)، لەگەڵ یەکسانکردنی تەواوەتییان لە ماف و ئەرکەکاندا.
لێرەدا دەقی بەیاننامەکەی وەزیری ناوخۆ دەخەینە ڕوو:
بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری شارستانی؛ دەقی مەرسوومی ژمارە /١٣/ بەرواری ١٦ / ١ / ٢٠٢٦، لەم ماددانەی خوارەوەدا بڕیاری لەسەر ئەمانە داوە:
ماددەی /٤/: ((کارکردن بە هەموو ئەو یاسا و ڕێکارە ناوازانەی کە لە ئەنجامی سەرژمێریی ساڵی ١٩٦٢ لە پارێزگای حەسەکە هاتبوونە ئاراوە هەڵدەوەشێتەوە، و ڕەگەزنامەی سووری دەدرێتە هەموو ئەو هاووڵاتییانەی ڕەچەڵەکیان کوردە و نیشتەجێی خاکی سووریان، بەوانەشەوە کە ناویان لە تۆمارەکاندا نییە (مەکتوومولقەید)، لەگەڵ یەکسانکردنی تەواوەتییان لە ماف و ئەرکەکاندا)).
ماددەی /٧/: ((وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرپرسن لە دەرکردنی ڕێنماییە جێبەجێکارییە پێویستەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەم مەرسوومە، هەر یەکە و بەپێی پسپۆڕیی خۆی)).
بە پشتبەستن بەمە، داواتان لێ دەکرێت:
دەستبەجێ کار بکەن بۆ ئامادەکردنی ڕێنماییە جێبەجێکارییە پێویستەکان بۆ ئەوەی ئەم مەرسوومە بەپێی دەقەکەی جێبەجێ بکرێت، لەگەڵ ڕەچاوکردنی ئاسانکاریی تەواو لە ڕێکارەکان بۆ هاووڵاتیانی کوردمان تا ئەو جێگەیەی دەکرێت، و پێویستە لە ماوەیەکدا کە لە ٥ / ٢ / ٢٠٢٦ تێپەڕ نەکات، ڕێنماییەکانمان پێ بگات.