پەیامی کورد- قامیشلۆ... دەستەی پەروەردە: دواخستنی وەرزی خوێندن لە قوتابخانەکانی جەزیرە و کۆبانێ
گوڵستان ئیسماعیل، هاوسەرۆکی دەستەی پەروەردە و فێرکردن لە جەزیرە، دوێنێ دووشەممە ڕایگەیاند، بەهۆی ئەو بارودۆخەی ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت، وەرزی دووەمی خوێندن لە قوتابخانەکانی جەزیرە و کۆبانێ دواخراوە.
ئیسماعیل ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیار بوو وەرزی دووەمی خوێندن لە ٢٥ی ئەم مانگەدا دەست پێ بکات، بەڵام ئەو بارودۆخەی ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت، لەوانە شەپۆلی ئاوارەبوونی دانیشتووان لە ناوچەکانی شێخ مەقسوود، ئەشرەفیە، تەبقە و ڕەققە بەرەو ناوچەکانی جەزیرە، ڕێگر بوو لەوە.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، نزیکەی ٥٠٠٠ خێزان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی شاری حەلەب، جگە لە گوندەوارەکانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب، ئاوارە بوون و گەیشتوونەتە شارەکانی جەزیرە.
هاوسەرۆکی دەستەی پەروەردە و فێرکردن لە جەزیرە وتی: "دەبوو ئێستا قوتابیان لەسەر کورسییەکانی خوێندن دانیشتنایە و خەریکی فێربوون بوونایە، بەڵام بەداخەوە ئەم هێرشانە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار قوتابیان لە خوێندن لە جەزیرە بێبەش کرد."
ڕوونیشی کردەوە کە "بەهۆی هێرشە یەک لە دوای یەکەکانەوە نەمانتوانی دەرگای قوتابخانەکان بکەینەوە و پێشوازی لە قوتابیان و مامۆستایان بکەین."
ئیسماعیل ئاماژەی بەوەش کرد کە ژمارەی قوتابخانەکان لە جەزیرە دەگاتە ١٧٠٠ قوتابخانە، و لە ئێستادا هەموویان ئاوارەیان تێدایە.
وتیشی: "ژمارەی ئاوارەکان زۆر گەورەیە، و هیچ ناوەندێکی حەوانەوە بۆ ئەوان نەبوو جگە لە قوتابخانەکان، بەتایبەت کە ئێمە لە وەرزی زستان و بارودۆخێکی سەختی کەشوهەواداین و ناکرێت لەژێر خێمەدا دابنرێن."