شەهیدبوونی ژنێکی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان و خۆکوشتنی هاوژینەکەی بەو هۆیەوە
بە پێی زانیارییەکان شەهلا کاکایی، خەڵکی گوندی قەڵاجێی شارۆچکەی کڵاش سەر بە شاری جوانڕۆ و دانیشتووی کرماشان، لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لەم شارە لە بەرامبەر ماڵەکەی دا بە تەقەی هێزە حکوومەتییەکان گیانی لە دەست دا.
مەهدی کاکایی، هاوژینی شەهلا، کە ئامۆزای ناوبراویش بووە، پاش گەڕانەوە لە نەخۆشخانە و بە هۆی لەدەست دانی هاوژینەکەی، تووشی داڕمانی وورە دەبێت و خۆی کوشتووە.
بەپێی زانیارییەكان، شەهلا کاکایی و هاوژینەکەی لە کاتێکدا کە دەیانویست بڕۆن بۆ نەخۆشخانە ، لە بەرانبەر ماڵەکەی خۆیاندا کەوتنە بەر ئامانجی تەقەی هێزە حکوومەتییەکان و شەهلا کاکایی هەر لەوێ دەست بەجێ گیانی لە دەست دا و هاوژینەکەی بریندار و بۆ نەخۆشخانە گواسترابوویەوە.
هەر لەم پەیوەندییەدا کەناڵی سەرەخۆشییەکانی شاری جوانڕۆ بە بڵاو کردنەوەی پۆستێک لەسەر گیان لە دەستدانی مەهدی کاکایی وەک “هاوسەری کۆچکردوو شەهلا کاکایی” ڕایگەیاندووە کە ناوبراو لە ڕێکەوتی ٣٠ی بەفرانبار گیانی لەدەست داوە، لەم کەناڵەدا هیچ ئاماژەیەک بە چۆنیەتی گیان لە دەستدانی شەهلا کاکایی نەکراوە.