پەیامی کورد ... سەرۆک بارزانی پێشوازی لە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی نۆردغاین ڤێستڤاڵی ئاڵمانیا کرد
چوارشەممە 4ی شوباتی 2026، لە پیرمام، سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە خاتوو بێریڤان ئایماز جێگری سەرۆکی پەرلەمانی (نۆردغاین ڤێستڤاڵن)ـی ئەڵمانیا کرد.
لە دیدارەکەدا خاتوو بێریڤان ئایماز خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ سەردانی بۆ کوردستان و دیداری لەگەڵ سەرۆک بارزانی، هەروەها سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد کە لە ڕووداو و مەترسییەکانی ئەم دوایی یە خۆی کردە خاوەنی دۆزی کورد لە ڕۆژئاوا و هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ پاراستنی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا بەرز نرخاند.
هەروەها سوپاسی دەزگای خێرخوازی بارزانی کرد لە یارمەتیدان و بەهاناوە چوونی لێقەوماوان لە ڕۆژئاوای کوردستان و هیوای خواست هەرێمی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتربێت. خاتوو بێریڤان ئایماز سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ پاڵپشتیکردنی کاروباری دیازپۆرای کورد لە دەرەوەی ووڵات وەک هێزێکی کاریگەر و پشتیوانی دۆزی گەلی کوردستان.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنان، دەستخۆشی لە خاتوو بێریڤان ئایماز کرد کە بە هەوڵ و توانی خۆی توانیویەتی بگاتە پلەیەکی سیاسی لە ئاڵمانیا و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست. هەروەها تیشکی خستە سەر کاروباری دیازپۆڕا و ئامۆژگاری و ڕێنوێنی پێویستی لەو بارەیەوە خستەڕوو، پەیوەست بەم باسە جەختی لە پێویستی پاراستنی شوناس و زمانی کوردی لەناو کوردانی دەرەوەی وڵات کردەوە.
بارودۆخی رۆژئاوا و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.
