پەیامی کورد ... لە ساڵی 2025، پتر لە 1400 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێ بەجێ کراون
لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکwومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئاوەدانکردنەوە و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بە هەموو ناوچەکان، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە ساڵی 2025دا گەشەسەندنێکی گەورەی لە کەرتی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دا بەخۆوە بینیوە.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، کۆی گشتی ئەو پڕۆژانەی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کاریان تێدا کراوە، گەیشتووەتە 1442 پڕۆژەی جۆراوجۆر. پڕۆژەکان سێکتەرە سەرەکییەکانی وەک (ڕێگەوبان، باڵەخانە، ئاو، کارەبا) و چەندین پڕۆژەی دیکەی خزمەتگوزاری گشتییان گرتووەتەوە.
لەبارەی ئاستی جێبەجێ کردنی پڕۆژەکان، تا ئێستا 1099 پڕۆژە بەتەواوی کۆتایی یان هاتووە و خراونەتە خزمەت هاووڵاتییانەوە، هەروەها 343 پڕۆژەی تریش لە قۆناغی جێبەجێ کردندان و کارکردن تێیاندا بەردەوامە.
سەبارەت بە دابەش بوونی پڕۆژەکان، تەنها لە سەنتەری شاری سۆران 474 پڕۆژەی جۆراوجۆر جێ بەجێ کراون، کە ئەمەش کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر جوانترکردنی سیمای شار و باشترکردنی گوزەرانی دانیشتووانەکەی هەبووە.
حکوwمەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و پێشکەش کردنی پڕۆژەی نوێ لە هەموو کوردستان بەردەوام دەبێ، بە ئامانجی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هەموو هاووڵاتییان.