پەیامی کورد- قامیشلۆ... هەسەدە بەرپەرچی چەند هێرشێک بۆ سەر گوندەواری کۆبانێ دەداتەوە
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، بەرەی "صرین" لە باشووری کۆبانێ لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا، لە کاتژمێر ٣ تا ٦ی بەیانی، دوو هەوڵی هێرشی یەک لە دوای یەکی لەلایەن "فەسیڵەکانی دیمەشق"ەوە بەخۆوە بینیوە و "هێزەکانمان بەرپەرچیان داونەتەوە".
هەسەدە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە ڕووبەڕووبوونەوەکانی ئەو بەرەیە بووەتە هۆی "تێکشکاندنی ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانیان و زرێپۆشەکانیان، هەروەها کوژرانی ئەوانەی لە ناویدا بوون."
بەیاننامەکە ڕوونی کردووەتەوە کە "لە بەرەی ئەبو سڕە، هێزەکانمان گورزێکی وردیان لە یەکێک لە کاروانە سەربازییەکانی ئەو فەسیڵانە وەشاندووە، کە بووەتە هۆی ناچارکردنیان بۆ کشانەوە و هەڵاتن."
هەروەها بەپێی بەیاننامەکەی هەسەدە، "بەرپەرچی هەوڵێکی تری پێشڕەوی لە تەوەرەی گوندی خان مامەد لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کۆبانێ دراوەتەوە، کە تێیدا دوژمن گورزی توندی بەرکەوتووە و پلانەکەی پەکخراوە و ناچار بە کشانەوە کراوە."
بەیاننامەکە جەختی کردووەتەوە کە "هێزەکانی سووریای دیموکرات و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە)، جەخت لە ئامادەیی تەواوی خۆیان دەکەنەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر دەستدرێژییەک، و بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە گەل و خاکەکەمان بە هەموو پێداگری و سووربوونێکەوە."