پەیامی کورد- حەسەکە... پێکدادان لە نزیک زیندانی پیشەسازی لە حەسەکە و هەسەدە هەوڵێکی هێرشی شانەکانی "داعش" تێکدەشکێنێت
فەرماندەیەک لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، لە دەوروبەری زیندانی پیشەسازی لە شاری حەسەکە، پێکدادان لەنێوان هێزەکانی هەسەدە و شانە نوستووەکانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش" ڕوویدا، کە هەوڵیان دابوو هێرش بکەنە سەر زیندانەکە بە مەبەستی ڕزگارکردنی دەستگیرکراوە بیانییەکانی ناو ڕێکخراوەکە.
ئەو فەرماندەیە ڕوونی کردەوە کە زیندانەکە نزیکەی پێنج هەزار چەکداری بیانی داعشی تێدایە، کە خەڵکی وڵاتانی ئەورووپی، میسر، چەند وڵاتێکی ئەفریقایی و وڵاتانی ترن، ئاماژەی بەوەش کرد کە هێزە ئەمنییەکان توانیویانە هێرشەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و ڕێگری لە شانەکان بکەن لە نزیکبوونەوە لە زیندانەکە.
هەروەها گوتی، هێزەکانی هەسەدە هێزێکی زۆری تری سەربازییان ڕەوانەی دەوروبەری زیندانەکە کردووە، کە زرێپۆش و شەڕکەری یەکە جیاوازەکان لەخۆدەگرێت، لەگەڵ چڕکردنەوەی دەورییە ئەمنییەکان لە ناوچەکەدا، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو ڕێکارانەی کە ئامانجیان توندکردنی کۆنتڕۆڵ و ڕێگریکردنە لە هەر پێشێلکارییەکی ئەمنی.
لەو چوارچێوەیەدا، چەندین زرێپۆشی سەر بە هێزەکانی دژە تیرۆر، کە شەڕکەری کوردیان تێدایە، بینراون کە بەرەو دەوروبەری زیندانەکە دەڕۆن بۆ بەهێزکردنی ڕێکارە ئەمنییەکان.
فەرماندەکە ئاماژەی بەوەش کرد، زیندانی پیشەسازی لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات و بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەبرێت، جەختیشی کردەوە کە لە کاتی پێکدادانەکاندا هیچ فڕینێکی فڕۆکە ئەمریکییەکان لە ئاسمانی ناوچەکەدا تۆمار نەکراوە.