ڕووماڵ کردنی ناڕەزایەتییەکان ؛ شەش هاووڵاتی دیکە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستگیرکران
دوابەدوای ئەو شەپۆلی دەست بەسەرکردنە، لانیکەم شەش هاووڵاتی دیکە کە دوو ژن و دوو مامۆستایانی تێ دایە، لە شارەکانی تاران، سەبزێوەر، مێهدی شەهر لە سێمنان، مێهرستان و ئیسفەهان، لەلایەن هێزەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ەوە دەست بەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هێنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٧ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، دوو مامۆستای خانەنشین بە ناوەکانی حەمید ڕەحمەتی ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری یەکتی مامۆستایانی شەهرێزە و ئەبۆلفەزل ڕەحیمی شاد لە ماڵەکانی خۆیان لە تاران دەست بەسەر کران.
هەر لەو ڕۆژەدا، فاتمە حاتەم نەژاد، تەمەن ٢٠ ساڵ، خەڵکی سەبزێوەر، لە لایەن هێزەکانی حکوومەتەوە لەم شارە دەست بەسەر کرا.
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕ، ڕۆحۆڵڵا عەرەب، هاووڵاتییەکی خەڵکی مێهدی شەهر لە پارێزگای سێمنان، لە ماڵەکەی خۆیدا دەست بەسەر کرا.
ڕۆژی یەکشەممە ٤ی بانەمەڕ، هێلیا ڕەحمانی تەمەن ١٨ ساڵ، هاووڵاتی خەڵکی لوڕ بەختیاری، لە شاری ئیسفەهان و خوداموراد ئەلبەرزنژاد (عەبدۆڵزاهی) هاووڵاتی بەلووچ خەڵکی مێهرستان دەست بەسەر کران.
تا کاتی نووسینی ئەم هەواڵە زانیاری ورد لەسەر تۆمەتەکان و شوێنی مانەوە و چارەنووسی ئەو هاووڵاتییانە لەبەردەست دا نییە.