پەیامی کورد- قامیشلۆ... ڕێککەوتنێکی گشتگیر لەنێوان حکومەتی سووریا و "هەسەدە" بۆ ڕاگرتنی تەقە و دەستپێکردنی ڕێڕەوی تێکەڵبوونی سەربازی و کارگێڕی
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەمڕۆ هەینی، گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیری لەگەڵ حکومەتی سووریا ڕاگەیاند، کە بڕیار دەدات بە ڕاگرتنی تەقە لەنێوان هەردوولادا و دەستپێکردنی ڕێڕەوی تێکەڵبوونێکی زنجیرەیی لەسەر هەردوو ئاستی سەربازی و کارگێڕی.
بەیاننامەکە ڕوونی کردەوە کە ڕێککەوتنەکە بڕیار دەدات بە کشانەوەی هێزە سەربازییەکان لە خاڵەکانی بەریەککەوتن، و چوونە ناوەوەی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بۆ ناو سەنتەری شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ، وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکەدا.
بەگوێرەی دەقی ڕێککەوتنەکە، فیرقەیەکی سەربازی پێکدەهێنرێت کە سێ لیوا لە هێزەکانی سووریای دیموکرات لەخۆدەگرێت، لەگەڵ پێکهێنانی لیوایەک بۆ هێزەکانی کۆبانێ لە چوارچێوەی فیرقەیەکی سەربازیی سەر بە پارێزگای حەلەب، ئەوەش لە چوارچێوەی دووبارە داڕشتنەوەی پێکهاتە و ڕێکخستنی کارە سەربازییەکان.
هەروەها ڕێککەوتنەکە تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا لەخۆدەگرێت، لەگەڵ جێگیرکردنی فەرمانبەرانی مەدەنی، جگە لە چارەسەرکردنی مافە مەدەنی و پەروەردەییەکانی گەلی کورد، و دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی ڕێککەوتنەکە یەکخستنی خاکەکانی سووریا و بەدیهێنانی تێکەڵبوونی تەواوەتییە لە ناوچەکەدا، ئەوەش لە ڕێگەی بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ دووبارە بونیادنانەوەی وڵات.