گروپەکانی دیمەشق گەمارۆی سەر دوو گەڕەکی کوردیی حەلەب توندتر دەکەن

Dîroka Belavkirin :
گروپەکانی دیمەشق گەمارۆی سەر دوو گەڕەکی کوردیی حەلەب توندتر دەکەن
پەیامی کورد- حەلەب... گروپەکانی دیمەشق گەمارۆی سەر دوو گەڕەکی کوردیی حەلەب توندتر دەکەن

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، دوێنێ سێشەممە ڕایگەیاند، هێزەکانی ئاسایشی گشتیی سەر بە حکوومەتی کاتی لە دیمەشق، ڕێگرییان لە گەڕانەوەی دانیشتووان و خێزانەکان بۆ ماڵەکانیان لە هەردوو گەڕەکی "شێخ مەقسوود" و "ئەشرەفییە" لە شاری حەلەب کردووە. ئەمەش دوای ئەو ڕووداوە خوێناوییانەی شەوی ڕابردوو ناوچەکە بەخۆیەوە بینی، کە بووە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ و گرژییەکی زۆر لەنێوان دانیشتووانی هەردوو گەڕەکەکەدا.

ڕوانگەکە بە پشتبەستن بە زانیاریی پشتڕاستکراوە و وێنەی تایبەت ئاماژەی بەوە کردووە، هێزەکانی ئاسایشی گشتی گەمارۆی سەر هەردوو گەڕەکەکەیان توندتر کردووە و دەروازە سەرەکییەکانیان بە تەواوی داخستووە، ئەمەش بووەتە هۆی پەککەوتنی تەواوی هاتوچۆ و ڕێگری لە جووڵەی مەدەنییەکان، هاوکات لەگەڵ بڵاوەپێکردنی چڕی هێزە ئەمنییەکان لە دەوروبەری ناوچەکەدا.

ڕوانگەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکی زۆر هەستیاردا دێت، چونکە دانیشتووان چاوەڕێی گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان و ئاساییبوونەوەی ژیان بوون دوای ئەو شەپۆلە توندوتیژی و پێکدادانانەی کە زیانی گیانی و ماددی زۆری لێکەوتەوە.

هەروەها ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە هێزەکانی ئاسایشی گشتی لەگەڵ گروپەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری لە حکوومەتی کاتی، بەردەوامن لە سەپاندنی گەمارۆیەکی ئەمنیی توند بەسەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەدا. ئەمەش ترسی ڕاستەقینەی لە خراپتربوونی دۆخەکە و ڕوودانی ئاڵۆزیی ئەمنیی نوێ دروست کردووە، کە ڕەنگە دەرهاویشتەی مرۆیی مەترسیداری بۆ سەر خەڵکی سڤیل هەبێت، بەتایبەت لە نەبوونی هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی سەبارەت بە ماوەی داخستنەکە یان چارەنووسی ئەو هاووڵاتییانەی ڕێگرییان لێ دەکرێت بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.

ڕوانگەکە جەختی کردووەتەوە کە دۆخەکە هێشتا بەرەو ئەگەری نائارامکەر کراوەیە، لە کاتێکدا بانگەوازەکان بۆ لادانی گەمارۆکە و ڕێگەدان بە گەڕانەوەی مەدەنییەکان ڕوو لە زیادبوونە، بۆ ئەوەی دوور بکەونەوە لە هەر پەرەسەندنێکی زیاتر کە ناوچەکە بەرەو قۆناغێکی مەترسیدارتر ببات.