پەیامی کورد- قامیشلۆ... گەیشتنی فڕۆکەی بارهەڵگری ئەمریکی کە چەک و سیستەمی بەرگری ئاسمانییان پێیە بۆ بنکەی "خەراب ئەلجیر"
دوو فڕۆکەی بارهەڵگری سەربازی سەر بە هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی "خەراب ئەلجیر" لە گوندەواری ڕومەیلان، لە ڕۆژئاوای کوردستان ئێوارەی دوێنی سێشەممە نیشتنەوە. فڕۆکەکان سیستەمی بەرگری ئاسمانی و سەکۆی مووشەکییان پێ بووە، ئەمەش هاوکات بووە لەگەڵ فڕینی چڕی هێلیکۆپتەرە ئەمریکییەکان لە ئاسمانی بنکەکەدا.
بەپێی سەرچاوەکان، دواتر یەکێک لە فڕۆکە بارهەڵگرەکان لەو بنکەیەوە بەرەو بنکەی "قەسەرک" لە باکووری ڕۆژئاوای حەسەکە بەڕێکەوتووە. ئەمە لە چوارچێوەی جووڵە سەربازییە بەردەوامەکانی هێزەکانی ئەمریکادایە لە ناوچەکە، کە لە کاتژمێرەکانی ڕابردوودا چالاکی بەرچاوی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەخۆیەوە بینیوە.
سەرچاوەکان جەختیان کردەوە کە بنکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، نیشتنەوەی چوار فڕۆکەی بارهەڵگری سەربازییان بەخۆوە بینیوە، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ پەرەسەندن و بەهێزکردنی خێرای هەبوونی سەربازی لە ناوچەکەدا.