سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و باڵیۆزی ئیتاڵیا دۆخی کوردستان و عێراق تاوتوێ دەکەن

پەیامی کورد ... سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و باڵیۆزی ئیتاڵیا دۆخی کوردستان و عێراق تاوتوێ دەکەن
پێنجشەممە ٢٠٢٥/٤/٢٤ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق کرد.
لە دیدارێکدا پەیوەندییەکانی ئیتاڵیا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان و برەودان بە ھاوکاری ھاوبەش لە بوارەکانی ئابووری، کولتوور، پەروەردە و پاراستنی کەلەپووردا، تاوتوێ کران و جەختیان لە بەردەوامی ھەماھەنگی لە بوارە جیاجیاکاندا کردەوە.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ستایش و پێزانینی ھەرێمی کوردستانی بۆ ڕۆڵی ئەرێنی ئیتاڵیا لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و پشتگیری بەردەوامی بۆ پێشمەرگە و پرۆگرامەکانی گەشەپێدان دەربڕی، ھەروەھا جەختی لەسەر گرینگی بەھێزکردنی ھاوکاری و ھاوبەشی لەگەڵ ئیتاڵیا لە کەرتە جیاوازەکاندا کردەوە.
لای خۆیەوە، باڵیۆزی ئیتاڵیا ڕایگەیاند کە ووڵاتەکەی بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەڕوانێت، ھەروەھا ستایشی سەقامگیری و پێشکەوتنی لە ھەرێمی کوردستان کرد و خواستی ئیتاڵیای بۆ فراوانکردنی ھاوکاری ھاوبەش لە ھەموو بوارەکاندا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان، دووپات کردەوە.
دۆخی ناوچەکە و دوایین پێشھاتەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.
ئەم بابەتە 10 جار خوێندراوەتەوە




