"لە ھەولێر چوار پارکی گەورە لە بواری جێبەجێکردن دان"

پەیامی کورد ... "لە ھەولێر چوار پارکی گەورە لە بواری جێبەجێکردن دان"
بەڕێوبەری راگەیاندنی ئەندازەی پارک و باخچەکانی ھەولێر ڕایدەگەێنێت، لە پارێزگای ھەولێر چوار پارکی گەورە لە بواری جێبەجێکردن دان و ئەمساڵ لەسەر ڕووبەری ٢٠٠ دۆنم زەوی درووست دەکرێن و ٤٠ ھەزار داریشیان تێدا دەچێندرێت.
سەروەر وەیسی کەریم، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئەندازەی پارک و باخچەکانی ھەولێر، ڕایگەیاند، پارکێک لە نزیک شەقامی ١٢٠ مەتری درووست دەکرێت، کە ٢٠٥ مەتر دووجایە و ٨٠ دۆنم زەوییە و نزیکەی ھەشت ھەزار داری تێدا دەچێندرێت، کە نزیکەی ٧٠%ی تەواو بووە، هەروەها پارکی رەشکین درووست دەکرێت لەسەر ڕووبەری ١١٦ هەزار مەتر دووجا و ٤٧ دۆنم زەوی، کە ١٦ ھەزار داری تێدا دەچێندرێت و ٥٠%ی تەواو بووە و بۆ سەردانی خێزانەکانە و زۆر بە باشی درووست دەکرێت، جگە لەوانەش پارکێکی دیکە لە گەڕەکی نازدار بە ڕووبەری ١١ ھەزار مەتر دووجا و چوار دۆنم زەوی درووست دەکرێت و شەش ھەزار داری تێدا دەچێندرێت و ٨٠%ی تەواو بووە، هەروەها پارکێکی تر لە گەڕەکی ژیان درووست دەکرێت بە ڕووبەری ١٧ هەزار مەتر دووجا و حەوت دۆنم زەوییە و پێنج ھەزار داری تێدا دەچێندرێت، کە ئەویش ٧٠%ی تەواو بووە، بۆیە ئەمساڵ ھەر چوار پارکەکە تەواو دەبن.
کەریم ووتیشی، دوو پارک لەسەر بوودجەی وەزارەتی شارەوانییە، کە یەکێکیان پارکی رەشکینە لە ١٢٠ مەتری و بوودجەکەی ١٩ ملیار دینارە، ئەوەی دیکەش پارکی گەڕەکی ژیانە، کە ملیارێک و ٢٨ ملیۆن دینار تێچووەکەیەتی و ئەوەی نازدار کۆنسووڵخانەی چین درووستی دەکەن و لەسەر شێوازی خۆیان کەپری جوانی لێ دروست دەکەن، بۆیە ئەمە ھەنگاوێکی زۆر باشە بۆ زیادبوونی رێژەی سەوزایی کە ڕووبەرەکەی ١٠٠ هەزار مەتر دووجایە و دەکاتە ٢٠٠ دۆنم زەوی و ٤٠ هەزار داری تێدا دەچێندرێن، بۆیە ئێستا رێژەی سەوزایی لە سەنتەری شاری ھەولێر دەگاتە ٢٠% و بەردەوامیش لە زیادبوون دایە.
ناوبراو باسی لەوەش کرد، لە ھەولێر ٢٦ پارکی گەورەمان ھەن و ٢٠٤ باخچەی بچووک و دوو تا سێ شوێنی غابات ھەیە و ٢٠٩ دارستانیشمان ھەن، لەگەڵ ١٦٣ دوورگەی ناوەندی و هەروەها ١٠٩ نافوورەشمان ھەن.
ئەم بابەتە 19 جار خوێندراوەتەوە




