پەیامی فراکسیۆنی پارتی لەبارەی بڕینی مووچەی خەڵکی کوردستان

پەیامی فراکسیۆنی پارتی لەبارەی بڕینی مووچەی خەڵکی کوردستان
پەیامی کورد   ...   پەیامی فراکسیۆنی پارتی لەبارەی بڕینی مووچەی خەڵکی کوردستان

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە بڕینی مووچەی خەڵکی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە، کە ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە.

لە کاتێکدا ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەشداری سەرەکی ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراقن کە چەندین ساڵ بوو خەڵکی عێراقی سەرکووت دەکرد و دەیچەساندندەوە، لەو پێناوەشدا شەھید و برینداری بەخشی، دوای ئەوەش بۆ حکوومەتی نوێی عێراق و دەستوورەکەی، سەرکردایەتی سیاسی کوردستان و بەتایبەت سەرۆک بارزانی، ڕۆڵی کاریگەرییان بینی لەپێناو بونیاتنانی عێراقێکی نوێ کە مافی تەواوی نەتەوە و پێکھاتە و ئایینەکانی تێیدا پارێزراو بێت، ئێمە لەسەر ئەو بنەمایەنە کارمان کرد و ھەموو ھەوڵێکمان لەپێناو یەکڕیزی و یەکسانی و دادپەروەری بوو کە پرەنسیپەکانی (تەوازن و تەوافوق و شەراکەت) تێیدا پارێزراو بن، بەڵام ئەو خواستانەی کورد بۆ عێراقێکی نوێ کە مافی ھەمووان تێیدا پارێزراو بێت، نەھاتە دی بەھۆی فاکتەری ناوخۆیی و دەرەکی.

لە ساڵی ٢٠١٤ بەدواوە، حکوومەتی عێراقی بە بیانووی جۆراوجۆر، مووچە و بوودجەی ھەرێمی کوردستانی بڕی، ھەر بەوەندەش نەوەستا، ھەناردەکردنی نەوتی کوردستانیشی وەستاند، ئامانج لەو ڕەفتارانەی حکوومەتی عێراقی تەنھا وەستاندنی گەشەسەندن و پێشکەوتنەکانی کوردستان بوون کە وای کردبوو کوردستان جیا بێت لە ھەموو ناوچەکانی عێراق لە ڕووی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانییەوە، کە ھێرشی تانک و زریپۆشەکانی عێراق بۆ سەر کوردستان ئامانجەکانی نەپێکا، بۆیە ناچاربوون لە بێ دەسەڵاتی دەست بۆ قووتی خەڵک ببەن لە کاتێکدا پێشێلکردنی ڕوونی دەستوورە کە زۆرینەی خەڵکی عێراق دەنگیان بۆی داوە، بەڵام ئێمە وەک نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھاوتا لەگەڵ نوێنەرانی دیکەی کورد لە پارت و لایەنە سیاسییەکانی دیکە لە پەرلەمانی عێراق، پێداگر دەبین لە دەست خستنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان.

دەمانەوێت ئەوە بە ڕای گشتی کوردستان بڵێین: "سەرۆکوەزیرانی عێراق، موحەممەد شیاع سوودانی بەپێی ماددەی ٦٠ لە یاسای بوودجەدا، دەسەڵاتی زیادکردنی تەرخان کردنی دارایی ھەیە بۆ پڕکردنەوەی کورتھێنان لە پارەی قەرەبووکردنەوەی فەرمانبەران و پێداویستییەکانی کارەبا و پێداویستییەکانی کەل وپەلی خۆراک، بۆیە دەیتوانی لە بەرە جەژن دا مووچەی خەڵکی لەو پارەیە بنێرێت تا دوای جەژن کێشەکان چارە دەکرێن، سەرۆکوەزیران ئەو دەسەڵاتەی لەپێناو خەڵکی کوردستان بەکارنەھێنا.

ئەوەی دەمانەوێت لێرە دووپاتی بکەینەوە، ئێستا لە ھەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە یەکڕیزی و تەبایی ھەیە لە ھەرێمی کوردستان، پێویستمان بە یەک دەنگی و ھێزی ھەمووان ھەیە لە بەغدا، پێویستمان بەوە ھەیە ھێزەکانی کورد یەک بخرێت بەڵکوو بتوانین کاریگەرییەکی بەھێز لەسەر بەغدا درووست بکەین.

سەرۆکوەزیرانی عێراق بەپێی ئەو دەسەڵاتەی بەپێی ماددەی ٦٠ لە یاسای بوودجە پێی دراوە، دەتوانێت پرسی مووچەی خەڵکی کوردستان چارە بکات و کۆتایی پێ بێنێت.

جارێکی دیکە بۆ خەڵکی کوردستان دووپاتی دەکەینەوە، بەتەواوی ڕێکارە دەستووری و یاسایی و دیپلۆماسییەکان بەردەوام دەبین لە ھەوڵەکانمان بۆ چارەکردنی کێشەی مووچە و بن بڕکردنی.

 

د.ڤیان سەبری

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق

٤ـی ئایاری ٢٠٢٥

ئەم بابەتە 22 جار خوێندراوەتەوە