پەیامی کورد ... ئیسرائیل پلانی هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ئامانجەکانی حیزبۆڵڵا لە لوبنان دادەڕێژێت
سوپای ئیسرائیل بە فەرمی پلانی هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر تەواوی پێگەکانی حیزبۆڵڵا لە خاکی لوبنان پەسەند کرد، ئەمەش وەک دوا کارت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکە ئەگەر بێتوو حکوومەتی لوبنان لە پرۆسەی چەک کردنی ئەو گرووپە شکست بهێنێت.
ڕۆژی هەینی، دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، ووڵاتەکە بە فەرمی پلانی هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر تەواوی پێگەکانی حیزبۆڵڵا لە خاکی لوبنان پەسەند کردووە.
بە پێی زانیارییەکانی دەستەی پەخشی ئیسرائیل، ئەم پلانەی سوپای ووڵاتەکە، وەک دوا کارتی فشارە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکە ئەگەر بێتو حکوومەتی لوبنان، لە پرۆسەی چەک کردنی حیزبۆڵڵا شکست بهێنێت.
دەستەکە ئاماژەی بەوە دا، پلانەکە لە لایەن فەرماندەیی باڵای سوپا، بە هەماهەنگی لەگەڵ هەواڵگری و ژووری ئۆپراسیۆنەکان داڕێژراون و ئامادەی جێبەجێکردنن.
ئیسرائیل وادەی کۆتایی ئەمساڵی بۆ حکوومەتی لوبنان دیاری کردووە تاوەکو بە پێی ڕێککەوتنی ئاگربەست، چەک لە دەستی حیزبۆڵڵا دەربهێنێت.