پەیامی کورد ... ئێران لە ژێر گەمارۆوەکان زیاتر لە یەک ملیار دۆلار دەداتە حیزبۆڵڵا لوبنان
جۆن هێرلی، یاریدەدەری وەزیری خەزێنەی ئەمریکا بۆ تیرۆر و هەواڵگری دارایی ڕایگەیاند، واشینتۆن بە نیازە کەڵک لە بارودۆخی ئێستای لوبنان وەربگرێت بۆ ڕێگریکردن لە کەناڵە دارایی یەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ حیزبۆڵڵا و ناچارکردنی ئەو گرووپە بە چەک داماڵین.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، لە چاوپێکەوتنێک دا کە ڕۆژی یەکشەممە ٨ی تشرینی دووەم بڵاوی کردەوە، هێرلی ڕایگەیاند کە سەرەڕای گەمارۆوە تووندەکانی ڕۆژئاوا، ڕێژیمی ئێران توانیویەتی لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا نزیکەی یەک ملیار دۆلار بۆ حیزبۆڵڵای لوبنان بگوازێتەوە.
ناوبراو کە لە سەفەرە ناوچەیی یەکەیدا بۆ زیادکردنی فشارە ئابوورییەکانی سەر تاران چووەتە تورکیا، جەختی لەوە کردەوە: "هەلێکی مێژوویی لە لوبنان ئێستا هەیە؛ ئەگەر بتوانین حێزبۆلڵا چەک داماڵین، گەلی لوبنان دەتوانێت کۆنترۆڵی ووڵاتەکەی بکاتەوە. خاڵی دەستپێکی ئەم پرۆسەیە ڕاگرتنی ڕۆیشتنی پارەیە کە ئێران بۆ حیزبۆڵڵا دەنێرێت".
ئەمریکا لە درێژەی فشارەکانی بۆ سەر تۆڕی دارایی حیزبۆڵڵای لوبنان، لەم دوایی یانەدا دوو کەسی خستە لیستی سزاکانی خۆیەوە بەهۆی تێوەگلانیان لە گواستنەوەی پارە بۆ ئەو گرووپە تیرۆریستییە لە ڕێگەی نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕەوە.