پەیامی کورد ... ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ١٧ دامەزراوە، كەس و لایەنی پەیوەست بە تۆڕی نەوتی کۆماری ئیسلامی دا سەپاند
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند كە سزای نوێیان بەسەر ١٧ دامەزراوە و کەس و کەشتی پەیوەست بە هەناردەکردنی نەوتی ئێران سەپاندووە. ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ گەمارۆوە نوێیەکانی وەزارەتی خەزێنەداری کە ئامانج لێی سنووردارکردنی داهاتی نەوتی تاران بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی و چالاکییەكانی لە ناوچەكەدایە.
ئەم هەنگاوە هاوتەریبە لەگەڵ سنووردارکردنی چوونەدەرەوەی ئەو پارانەی کە واشینتۆن دەڵێت "ڕژێمی ئێران بۆ پێش خستنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و پشتیوانیکردن لە گرووپە بە وەكالەتەكان و ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە بەکاری دەهێنێت".
سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند، تێکدانی ڕێڕەوی داهاتی حکوومەتی ئێران "گرینگە" بۆ یارمەتیدانی سنووردارکردنی خواستە ئەتۆمییەکانی.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، حکومەتی ئێران لە تۆڕێکی بەرفراوان لە کۆمپانیا خزمەتگوزارییە دەریاییەکان و كەشتییەكانی، “سێبەر” لە ووڵاتانی جۆراوجۆر بۆ گواستنەوەی نەوتەکەی بە شێوەی نهێنی و شاراوە بۆ کڕیاران كەڵك وەردەگرێت.
ئەمریکا دەڵێت ئەو تۆڕه، به گواستنەوەی ملیۆنان بەرمیل نەوتی خاوی ئێران، هەڕەشە لە سەر ئاسایشی کەشتیوانی و ناوچەكە درووست دەكات.