پەیامی کورد... ئەڵمانیا دەست بە پێداچوونەوەیەکی گشتگیر دەکات بۆ بڕیارەکانی پاراستنی پەنابەرانی سووری
دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا، ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، دەستپێکردنی ڕێکارەکانی پێداچوونەوەیەکی گشتگیریان بۆ ژمارەیەکی زۆر لەو بڕیارانە ڕاگەیاند کە تایبەتن بە مافی مانەوە بۆ پەنابەرانی سووری.
بەگوێرەی ئەوەی میدیاکانی ئەڵمانیا گواستوویانەتەوە، ئەم پێداچوونەوانە چەند چینێکی دیاریکراو دەگرێتەوە، لەوانە ئەو کەسانەی حوکمی تاوانکارییان بۆ دەرچووە، یان لە ماوەی مانەوەیان لە ئەڵمانیا گەڕاونەتەوە بۆ سوریا.
پێداچوونەوەکان ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە سزای تاوانکارییان بەسەردا سەپێنراوە، یان وەک "هەڕەشەی ئەمنی" پۆلێن دەکرێن، سەرەڕای ئەو سوورییانەی کە پێشتر بۆ ماوەی کاتی گەڕاونەتەوە بۆ سوریا.
بەپێی میدیاکانی ئەڵمانیا، لە ئەگەری بوونی مەرجە یاساییەکاندا، ڕەنگە ئەم ڕێکارانە ببێتە هۆی لێسەندنەوە یان هەڵوەشاندنەوەی "مافی مانەوە" کە بە پەنابەرانی سوری بەخشراوە.
وتەبێژێک بەناوی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا ڕایگەیاند کە نووسینگەی فیدڕاڵی بۆ کۆچ و پەنابەران، دەستی کردووەتەوە بە ڕێکارەکانی لێسەندنەوەی مافی مانەوە لە هەندێک حاڵەتی دیاریکراودا، کە تێیدا ڕوونییەکی پێویست بەردەستە سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و مرۆیی لە سووریا، ئەمەش لەڕووی یاساییەوە ڕێگە دەدات بەوەی چاوخشاندنەوە بە بڕیارەکانی پاراستنی هەندێک چین و توێژدا بکرێت.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان کە لەلایەن نووسینگەی فیدڕاڵییەوە دەرچوون، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥ و تا مانگی تشرینی دووەم، بڕیار لەسەر ١٦,٧٣٧ ڕێکاری پێداچوونەوە بۆ دۆسیەی پاراستنی هاوڵاتیانی سوری دراوە.