پەیامی کورد ... بەبێ چەتری ئەمریکا، ئەورووپا لە ڕووی هێزی ئەتۆمیەوە بە شێوەیەکی بەرچاو لە دوای ڕووسیایە
🔹بەپێی توێژینەوەی IFRI ڕووسیا نزیکەی 1700 کڵاوی ئەتۆمی جێگیرکراو و نزیکەی 2600 سەری ئەتۆمی کۆکراوەی هەیە، ئەمەش لە ئەگەری پەرەسەندنی گرژی ئەتۆمی دا سوودێکی پێدەبەخشێت.
دەزگایەکی ڕاگەیاندنی ڕووسیا نووسیویەتی، ئیدارەی بایدن پێداچوونەوە بە سیاسەتی سەربازی-ئەتۆمی ئەمریکا دەکات، لەم ڕووەوە هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی واشینتۆن داوای ئەوە دەکەن کە ئەمریکا پابەند بێت بە مافی بەکارهێنانی هێرشی پێش وەختە، بێگومان هەر هێرشێکی ئەتۆمی بۆ سەر ڕووسیا یان چین ووڵامێکی چەقێنەری لێ دەکەوێتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان ، ڕۆژنامەی ئۆنلاین "ڤۆزگلیاد"ی ڕووسی ئەمڕۆ لە شیکارییەکدا نووسیویەتی: واشینتۆن بە هەماهەنگییەکی نزیک لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە ئەورووپا و ئاسیا پێداچوونەوە بە سیاسەتی سەربازی-ئەتۆمی خۆیدا دەکات. ئەم هەواڵە لە کاتێکدا بیستراوە کە وڵاتانی ئەوروپا و ژاپۆن داوایان لە ئەمریکا کردووە دەستبەرداری دوکتۆرینی هێرشی ئەتۆمی پێشوەختە بۆ سەر ڕووسیا نەبێت. ئێستا دەبێت بزانین بۆچی هاوپەیمانانی ئەمریکا داوای لە برا گەورەکەیان کردووە کە بەردەوام بێت لە شەڕکردن دژی ڕووسیا و مۆسکۆ چۆن ووڵامی ئەو هەڕەشانە دەداتەوە؟
بەگوێرەی ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز، بەشێک لە هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی ئەمریکا لە ناتۆ (لە ڕاستیدا بەریتانیا، ئاڵمانیا و فەرەنسا)، هەروەها ژاپۆن و ئوسترالیا، داوایان لە بەرپرسانی واشینتۆن کردووە بە سیاسەتی سەربازی-ئەتۆمی خۆیدا بچنەوە. ئەم هاوبەشە ئەمریکییانە پێیان وایە کە واشینتۆن پێویستە دەستبەرداری پابەندبوونی خۆی بە بنەمای قبووڵ نەکردنی هێرشی ئەتۆمی پێشوەختە بێت. بە واتایەکی تر نەک خودی ئەمریکییەکان، بەڵکوو هاوپەیمانەکانیان پێیان وایە کە ووڵاتەکە مافی خۆی بۆ هێرشی ئەتۆمی پێشوەختە بپارێزێت، واتە سەرەتا هێرش بکاتە سەر هێزێکی دیکەی ئەتۆمی گەورە. لە نێو وڵاتانی یانە ئەتۆمییە جیهانییەکەدا، تەنیا دوو ووڵات وەک دوژمنی ئەگەری ئەمریکا ناسراون، ئەوانیش ڕووسیا و چینن.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ئێستادا ئیدارەی جۆ بایدن شیکارییەکی ووردی سیاسەتی تایبەت بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی ئەنجام دەدات، کە پێشبینی دەکرێت ئەنجامەکانی تا کۆتایی ساڵی 2021 (ئەمساڵ) بزانرێت. بە ووتەی کاربەدەستانی ئاگاداری ئەمریکا، ئەمریکا داواکارییەکی بۆ هاوپەیمانەکانی ناردووە بۆ ئەوەی بۆچوونەکانیان سەبارەت بە گۆڕینی سیاسەتی ئەتۆمی ئەو ووڵاتە بزانن. زۆربەی ووڵامدەرەوەکانی ئەم داواکارییە داوایان کرد لایەنی ئەمریکی دەستبەرداری پابەندبوونی خۆی بە بنەمای خۆبەدوورگرتن لە هێرشی ئەتۆمی پێشوەختە بێت.
لە هەمان کاتدا بەرپرسانی ئیدارەی بایدن دووپاتی دەکەنەوە کە ئەمریکا بەڕاستی پلانی هەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانە دەرەکییەکانی پێداچوونەوە بە سیاسەتی ئەتۆمی- سەربازی خۆیدا بکات و کار لەسەر ئەم پرسە ڕاستەوخۆ دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ئەمریکا دەستیپێکرد.
دوکتورینی ئەتۆمی ئەمریکا بەدرێژایی ساڵان چەندین جار پێداچوونەوەی بۆ کراوە
دیمیتری درۆبنیتسکی، پسپۆڕی پرسە سیاسییەکانی ئەمریکا، بۆ ڕۆژنامەی ڤسێڤۆلۆد ڕوونی کردەوە: پێداچوونەوە بە سیاسەتی ئەتۆمی ڕێکارێکی باو و ڕۆتینییە لە ئەمریکا و هۆکاری ئەمەش بابەتی تەکنیکی و دۆخی سێ لایەنی ئەتۆمی ووڵاتەکەیە ناوەڕاستی ساڵانی ٢٠٠٠، دوای ئەوەی ئەمریکا لە پەیماننامەی دژە مووشەکی بالیستی لە ساڵی ١٩٧٢ کشایەوە، کە دواتر هەڵوەشایەوە”.
بە ووتەی ئەو، گۆڕانکاری جیددی لەم عەقیدەیەدا هەم لە سەردەمی سەرۆکایەتی باراک ئۆباما و هەم لە سەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترامپ دا ڕوویداوە و ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە سەردەمی ئۆبامادا دەستی پێکردووە، سەرەڕای جیاوازی تێڕوانینی نێوان ئەو دوو سەرۆکە، لە سەردەمی ترامپ دا بە هەمان ئاراستە بەردەوام بووە.
لای خۆیەوە شارەزای سەربازی ئەلێکسی لیۆنکۆڤ ئاماژەی بەوەدا کە بەڵگەنامەی "بنەمای سیاسەتی ئەتۆمی ئەمریکا" کە لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترامپ ەوە لە ساڵی ٢٠١٨ پەسەندکراوە، مافی ووڵاتەکەی دابین کردووە بۆ دەستپێکردنی هێرشی ئەتۆمی پێشوەختە ئەگەر دوژمنێک بە بەکارهێنانی چەکی ئاسایی و نائەتۆمی هێرش بکاتە سەر ئەمریکا. هێرشێکی لەو شێوەیە تەنانەت لە ئەگەری هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر دامەزراوە هەستیار و گرینگەکانی ئەمریکا ڕێگەپێدراوە.
بێگومان پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە "ستراتیژی ترامپ" جارێکی دیکە پابەندبوونی ئەمریکا بە فراوانکردنی ڕێگریکردن لە دژی دوژمنە ئەگەرییەکان پشتڕاست دەکاتەوە، ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەمریکییەکان بەردەوام دەبن لە درێژکردنەوەی "چەتری ئەتۆمی" خۆیان بۆ هەر ٢٩ هاوبەشە ستراتیژییەکانیان لە ڕێکخراوی پەیمانی ئەتڵەسی باکوور (ناتۆ)، هەروەها ژاپۆن، کۆریای باشوور و ئوسترالیا.
ئەو شارەزایە ڕووسییە زیادی کرد: ئێمە زانیاری درووستمان نییە سەبارەت بەوەی کە لە گفتوگۆ ناوخۆییەکانی ئیدارەی جۆ بایدن سەبارەت بە پێداچوونەوە بەم سیاسەتە چی دەگوزەرێت، بە بۆچوونی من گۆڕانکاری بنەڕەتی لەم ئاراستەیەدا لەبەرچاو ناگیرێت، بەڵام ووڵاتانی ئەورووپا نیگەرانن لەوەی لە چەتری ئەتۆمی ئەمریکا بەجێ بهێڵدرێن.