پەیامی کورد... بەیاننامەیەکی ئەمریکی- ئەورووپی پێشوازی لە درێژکردنەوەی ڕاگرتنی تەقە لە سووریا دەکات
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا کە ئەمڕۆ سێشەممە دەرچووە، پێشوازییان لە درێژکردنەوەی ڕێککەوتنی ڕاگرتنی تەقە لەنێوان سوپای سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد، و جەختیان لە گرنگیی پابەندبوون بە پاراستنی مەدەنییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی سووریا کردەوە.
بەیاننامەکە جەختی لە پێویستیی پابەندبوونی هەموو لایەنەکانی سووریا بە یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی کردەوە، هاوکات پێشوازیشی کرد لە دروستکردنی ڕێڕەوی مرۆیی ئارام کە گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ مەدەنییەکان بەبێ هیچ ئاستەنگێک مسۆگەر بکات.
هەردوولا جەختیان لە پاڵپشتیی خۆیان بۆ پرۆسەی گواستنەوەی سیاسیی گشتگیر لە سووریا کردەوە، بە جۆرێک کە پاراستنی مافی هەموو هاووڵاتییان مسۆگەر بکات و سەقامگیری و ئاسایش لەسەر مەودای دوور بەهێز بکات.
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە سەقامگیریی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ڕێگەی ئامرازە ئاشتییانەکانەوە، ئەولەوییەتێکی باڵایە بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە.
هەروەها جەختی لە گرنگیی پاراستنی ڕێڕەوە مرۆییەکان و دەستپێکردنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان کردەوە، بەتایبەتی لە شاری کۆبانێ، بۆ دڵنیابوون لە دابینکردنی پێداویستییە مرۆییەکانی دانیشتووان.