تورکیا خۆپیشاندانیان لەشاری ماردین قەدەغە کرد کە هاوسنوورە لەگەڵ ناوچە کوردییەکانی سووریا

Dîroka Belavkirin :
تورکیا خۆپیشاندانیان لەشاری ماردین قەدەغە کرد کە هاوسنوورە لەگەڵ ناوچە کوردییەکانی سووریا

پەیامی کورد... تورکیا خۆپیشاندانیان لەشاری ماردین قەدەغە کرد کە هاوسنوورە لەگەڵ ناوچە کوردییەکانی سووریا

دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕایانگەیاند کە بۆ ماوەی شەش ڕۆژ قەدەغەی خۆپیشاندانیان لە پارێزگای ماردین سەپاندووە، ئەمەش لە دوای ئەو ڕووداوانەی لە ناوچە کوردییەکانی سووریا دەگوزەرێن.

ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا بڵاویکردەوە، دەسەڵاتدارانی تورکیا دوێنێ دووشەممە بڕیاریانداوە بۆ ماوەی شەش ڕۆژ قەدەغەی هەموو جۆرە خۆپیشاندان و چالاکییەک بسەپێنن، ئەوەش لە دوای ئەو شەڕانەی لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی حکومەتدا ڕوودەدەن.

قەدەغەی کۆبوونەوە لە ماردین تا ئێوارەی شەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

لە بەیاننامەیەکی پارێزگاری ماردیندا هاتووە: "هەر چالاکییەک کە بڕیار بێت لە شوێنە گشتییەکاندا ئەنجام بدرێت، وەک کۆبوونەوە، ڕێپێوان، کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی، مانگرتن لە خواردن، مانگرتنی دانیشتن، هەروەها هەڵدانی کەپر و خێمە و دابەشکردنی نامیلکە و بڵاوکراوە و هەڵواسینی پۆستەر و لافیتە، قەدەغەیە."

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کە پارتێکی لایەنگری کوردە لە تورکیا، داوای ناڕەزایەتییەکی کردبوو بۆ ڕۆژی سێشەممە لە شاری نوسەیبین کە بەرامبەر شاری قامیشلۆیە.

هەفتەی ڕابردوو زیاتر لە هەزار کەس هەوڵیاندا لە شاری نوسەیبینەوە دەروازە سنوورییەکە ببڕن و بچنە ناو خاکی سووریاوە.

تورکیا پێشتریش کۆبوونەوە گشتییەکانی لە شاری ئامەدی کوردی لە ڕۆژی هەینی ڕابردووەوە تا دوێنێ دووشەممە قەدەغە کردبوو. ئەم ڕێکارانەش هەوڵێکن بۆ سنووردارکردنی هەر چالاکییەکی کوردی کە هاوسۆزی بۆ کوردانی سووریا دەرببڕن و داوای ڕاگرتنی هێرشی حکومەت بۆ سەر ناوچەکانیان بکەن.