پەیامی کورد- قامیشلۆ... دەزگای خێرخوازیی بارزانی: ١٦٥ بارهەڵگر هاوکاری چوونەتە ناو ناوچە کوردییەکان لە جەزیرە
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە ڕۆژی سێشەممە بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند کە ١٦٥ بارهەڵگری پڕ لە هاوکاری چوونەتە ناو ناوچە کوردییەکانی جەزیرەی سووریا، بە مەبەستی یارمەتیدانی ئاوارەکان.
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕایگەیاند، هاوکارییەکان ٥٧ هەزار و ٩٥٥ ئاوارەیان کردووەتە ئامانج، کە ٩ هەزار و ١٨٠ ژنیان تێدایە.
وتیشی: "هاوکارییەکان لە ٨٢ قوتابخانەدا دابەشکراون کە ئاوارەکانیان تێدا نیشتەجێیە."
موسا ئەحمەد ڕوونی کردەوە کە ١٤٥ هەزار و ١٧٧ لیتر لە ماددەی مەزۆت (گاز) بەسەر ١٠٨ قوتابخانە و مزگەوتدا دابەشکراوە کە لە ناوچەی جەزیرە ئاوارەکانیان تێدا حەوێندراوەتەوە.
هەروەها دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە ٩ هەزار و ٣٣٠ ژەمە خۆراکیان لە ١٥ قوتابخانە و مزگەوت دابەشکردووە.
پێنج ڕۆژ لەمەوبەر، کاروانێکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەرێمی کوردستانەوە گەیشتە شاری قامیشلۆ، بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری بەو ئاوارەوانەی لە شێخ مەقسوود، ئەشرەفیە، ڕەققە و تەبقەوە هاتبوون.
ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، بەڕێوەبەریی خۆسەر بە "نورس پرێس"ی ڕاگەیاندبوو کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا نزیکەی پێنج هەزار خێزان بۆ ناو شارەکانی جەزیرە ئاوارە بوون.