پەیامی کورد ... ترامپ : ئەگەر کۆماری ئیسلامی هەوڵی بونیاتنانەوەی تواناکانی بدات بەبێ ڕێکەوتن، جارێکی دیکە لەناوی دەبەین
دۆناڵد ترامپ لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند : ئەگەر کۆماری ئیسلامی هەوڵی بونیاتنانەوەی تواناکانی بدات بەبێ ڕێکەوتن، جارێکی دیکە لەناوی دەبەین.
ناوبراو هۆشداری دا لەوەی کە ئەمریکا دەتوانێت زۆر بە خێرایی مووشەکەکانی کۆماری ئیسلامی لەکاربخات و ووتی: “ئەوان دەتوانن هەوڵ بدەن، بەڵام کاتێکی زۆر درێژی دەوێت تا بگەڕێنەوە”.
ترامپ ووتی : “کۆماری ئیسلامی زۆر پێی خۆشە كە لەگەڵ من بگاتە ڕێککەوتن، منیش زۆر پێم خۆشە ئەگەر بكرێت لەگەڵ ئەوان بگەمە ڕێککەوتن”.
ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بووە هۆی ئەوەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا بمێنێتەوە، چوونکە هەمووان لە کۆماری ئیسلامی دەترسان و ئێستا کەس لێیان ناترسێت.
سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند : پێش هێرش بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی، واشینتۆن بەشێوەیەکی ماقوڵ لە هەوڵی ڕێککەوتن لەگەڵ تاران دا بوو و ئەگەر حکوومەتی ئێران ڕێككەوتنی بكردبایە، دۆخی زۆر باشتر دەبوو.