ترەمپ "ئاشتییەکی بێوێنە" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕادەگەیەنێت

Dîroka Belavkirin :
ترەمپ "ئاشتییەکی بێوێنە" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕادەگەیەنێت
پەیامی کورد... ترەمپ "ئاشتییەکی بێوێنە" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕادەگەیەنێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، دوێنێ پێنجشەممە ڕایگەیاند کە ئیدارەکەی ئەوەی بەدەستهێناوە کە بە "ئاشتییەکی مەزن" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەسفی کردووە، و جەختیشی کردەوە کە ناوچەکە شاھیدی واقیعێکە کە پێشتر هەرگیز بەدی نەهاتووە.

ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان وتیشی: "ئاشتییەکی زۆر بەهێزمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە و پێم وایە بەڕاستی ڕاستەقینەیە"، ئاماژەی بەوەش دا کە واشنتۆن لە ئێستادا کار دەکات بۆ تەواوکردنی "قۆناغی دووەم"ـی ڕێککەوتنە هەرێمییەکان.

سەرۆکی ئەمەریکا ڕوونیشیکردەوە کە وڵاتەکەی هەوڵەکانی لە دۆسیەی غەززە چڕ کردووەتەوە و وتی: "ئێمە بە بەهێزی کار لەسەر غەززە دەکەین و هەوڵەکان بە چڕی بەردەوامن". هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە "٥٩ وڵات" پشتیوانی لەو "ئاشتییە نوێیە" دەکەن و ئەوەشی بە "کارێکی بێوێنە" دانا.

ترەمپ ئاشکرای کرد کە چەندین وڵات خواستی خۆیان بۆ دەستێوەردان و مامەڵەکردن لەگەڵ حەماس یان حیزبوڵڵا دەربڕیوە و وتی: "هەندێک وڵات پێشنیاری دەستێوەردان و مامەڵەکردنیان لەگەڵ حەماس کردووە، و هەندێکی دیکەش لەگەڵ حیزبوڵڵا، بەڵام من پێم وتن: ئێستا نا. ڕەنگە دواتر پێویستمان بەوە بێت، بەڵام جارێ پێویست بە دەستێوەردان ناکات".