پەیامی کورد- دیمەشق... دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووسێکی ئیسلامیی دیاری ئەمریکی لە سووریا
ئاژانسی "ڕۆیتەرز" ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوی کردەوە، بیلال عەبدولکەریم، ڕۆژنامەنووسی ئیسلامیی ئەمریکی لە شاری "باب" لە پارێزگای حەلەب لە باکووری سووریا دەستبەسەر کراوە.
دوو سەرچاوەی ئاگادار بە ئاژانسی "ڕۆیتەرز"یان ڕاگەیاندووە: "هێزە ئەمنییەکانی سووریا ڕۆژنامەنووسێکی ئیسلامیی دیاری ئەمریکییان دەستبەسەر کردووە کە ڕەخنەی لە حکوومەتی نوێی سووریا و هاوبەشییە نوێیەکەی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەگرت."
"عەبدولکەریم" پێشتر لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نمایشی کۆمیدی پێشکەش دەکرد، پاشان بوو بە ڕۆژنامەنووسێکی تایبەت بە ڕووماڵکردنی شەڕ. ئەو لە ساڵی ٢٠١٢وە لە سووریا دەژیت و لەگەڵ چەندین دەزگای ڕاگەیاندنی بیانی کاریکردووە.
بە گوێرەی ئاژانسی "ڕۆیتەرز"، عەبدولکەریم وەک دەنگێکی دیار لە ناو ئیسلامییە بیانییەکان لە سووریا دادەنرێت؛ چونکە بواری بۆ دەربڕینی ڕای ئەو توندڕەوانە ڕەخساندبوو کە پێیان وایە سەرۆک "ئەحمەد ئەلشەرع"، لە کاتی وەرگرتنی دەسەڵاتەوە زۆر لە بەها ئیسلامییەکان پاشەکشەی کردووە.
ئاژانسەکە ڕوونی کردووەتەوە کە تا ئێستا نە وەزارەتی ڕاگەیاندنی سووریا، نە وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ و نە وتەبێژی نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، وەڵامی داواکارییەکانیان بۆ لێدوان لەسەر ڕووداوی دەستبەسەرکردنەکە نەداوەتەوە.