سەردانێکی چاوەڕوانکراوی تۆماس باراک بۆ ئیسرائیل

Dîroka Belavkirin :
سەردانێکی چاوەڕوانکراوی تۆماس باراک بۆ ئیسرائیل
پەیامی کورد... سەردانێکی چاوەڕوانکراوی تۆماس باراک بۆ ئیسرائیل

میدیاکانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕایانگەیاند کە چاوەڕوان دەکرێت سبەی دووشەممە، تۆماس باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سوریا، سەردانی ئیسرائیل بکات بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەڵکشانی گرژییەکانی ئیسرائیل لە لوبنان و سوریا.

کەناڵی (١٢)ی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، باراک لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ڕێگاکانی ڕێگریکردن لە گرژییەکان لە لوبنان و گەیشتن بە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە سوریا.

کەناڵەکە ئەوەشی خستەڕوو کە "ناتانیاهۆ داوای هەڵوەشاندنەوەی دانیشتنی دادگاییەکەی کردووە لە دووشەممەی داهاتوودا، بەهۆی کۆبوونەوەی لەگەڵ باراک".

هەفتەی ڕابردوو، گیدعۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاشکرای کرد کە گفتوگۆ بەردەوامەکان لەگەڵ دیمەشق سەبارەت بە ڕێککەوتنێکی ئەمنی ڕووبەڕووی ئاستەنگی زیاتر دەبنەوە، و ئاماژەی بەوەدا کە لایەنی سوری داواکاری نوێی خستووەتە ڕوو کە بووەتە هۆی فراوانبوونی کەلێنی نێوان هەردوولا.

لە پەیوەندی بە دۆخی لوبنانیشەوە، یوسف ڕەجی، وەزیری دەرەوە ڕایگەیاند کە دەسەڵاتدارانی لوبنان نامەی هۆشدارییان پێگەیشتووە سەبارەت بە ئامادەکاری ئیسرائیل بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوان.

و ڕوونیشیکردەوە کە لوبنان پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی چڕکردووەتەوە بۆ بێلایەنکردن و پاراستنی دەوڵەت و دامەزراوەکانی، و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە باشووری ڕووباری لیتانی تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥، لە چەکی نایاسایی پاک بکرێتەوە و سوپا پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی چەک لە تەواوی خاکی لوبنان لە ساڵی ٢٠٢٦ کۆتایی پێ بهێنێت.