مای ساتۆ : ڕفاندنی خۆپیشاندەرانى بریندار لە نەخۆشخانەکان پێشێل کردنی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتییە

Dîroka Belavkirin :
مای ساتۆ : ڕفاندنی خۆپیشاندەرانى بریندار لە نەخۆشخانەکان پێشێل کردنی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتییە
  • مای ساتۆ : ڕفاندنی خۆپیشاندەرانى بریندار لە نەخۆشخانەکان پێشێل کردنی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتییە

ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بوارى مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، بە بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک ڕاپۆرت، ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی خۆپیشاندەرانی بریندارییان لە نەخۆشخانەکان ڕفاندووە و دەست بەسەریان کردوون.

مای ساتۆ، ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، بە ئاماژەدان بە شایەتی کارمەندانی دەرمانی لە چەند پارێزگایەکی ئێران، وتی هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشێکی ڕاستەوخۆیان کردووەتە سەر نەخۆشخانەکان و نەخۆشانى برینداریان، تەنانەت دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری، ڕفاندووە.

ناوبراو باسی لەوە کرد کە چەندین بنەماڵە دوای چوونە نەخۆشخانەکان، تێگەیشتوون منداڵەکانییان بێسەروشوێن کراون و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەست دا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی "ڕۆیتەرز"، ژمارەیەک لە کارمەندانی تەندرووستی بەو مەرجەی شوناسیان پارێزراو بێ، ئەم ڕاپۆرتانەیان پشتڕاست کردووەتەوە.

پزیشکێک لە شاری ڕەشت ووتی : "دەیان نەخۆش بە هۆی برینداربوون بە فیشەک لە نەخۆشخانەکەمان خەوێندرابوون کە نەشتەرگەرییان بۆ کرا، بەڵام دوای هاتنی هێزەکانی سوپای پاسداران، هەموویان بردران و ئێمە نازانین چییان بەسەردا هاتووە".

هەروەها پەرستارێک لە تاران وتی هێزەکانی سوپای پاسداران و پۆلیس هاتنە ناو نەخۆشخانەکان و تەواوی ژوورەکانیشیان بۆ دۆزینەوەی برینداران پشکنی.

مای ساتۆ هۆشداری دا و ووتی ئەم کردارە ترس و تۆقاندنێکی گشتی درووست دەکات کە خەڵک لە چوون بۆ وەرگرتنی چارەسەری دەرمانی دوور دەخاتەوە و بەهۆی ترسی دەست بەسەرکران، ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە یان دۆخی تەندرووستییان خراپتر دەکات.

ئەو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەپێی کۆنڤانسیۆنەکانی ژنێڤ، نەخۆشخانەکان، پزیشکان و نەخۆشان دەبێت لە هەر چەشنە دەستێوەردانێکی ئەمنییەتی پارێزراو بن.

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا، باس لە باج‌وەرگرتنی سیستەماتیک لە بنەماڵەکانی قوربانییان کراوە کە بۆ وەرگرتنی تەرمی کوژراوان، داوای پارەی نێوان ٧٠٠ تا یەک ملیارد تمەن کراوە.

ساتۆ ئەم کارەی بە "تێکەڵکردنی خەفەت بە وەرگرتنی پارەی زۆرەملێ" ناو برد و وتی : هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ناونانی خۆپیشاندەران وەک "تێرۆریست" یان "ئاژاوەگێڕ" هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ پاساوی سەرکوتی تووندوتیژ و کوشتنی سەرەڕۆیانەی خۆپیشاندەران.

مای ساتۆ لە کۆتایی دا بۆ جارێکی دیکە جەختی کردەوە کە ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانییەکان زۆر لەو ئامارانەی فەرمی بڵاو دەکرێنەوە زیاترە.