بەڕێوەبەریی خۆسەر: ٣٥٠ هەزار کەس بۆ ناوچە کوردییەکانی جەزیرە ئاوارە بوون

Dîroka Belavkirin :
بەڕێوەبەریی خۆسەر: ٣٥٠ هەزار کەس بۆ ناوچە کوردییەکانی جەزیرە ئاوارە بوون

پەیامی کورد- قامیشلۆ... بەڕێوەبەریی خۆسەر: ٣٥٠ هەزار کەس بۆ ناوچە کوردییەکانی جەزیرە ئاوارە بوون

شێخموس ئەحمەد، هاوسەرۆکی نووسینگەی کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە بەڕێوەبەریی خۆسەر، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، نزیکەی ٣٥٠ هەزار کەس بۆ ناوچەکانی حەسەکە، قامیشلۆ و کۆبانێ ئاوارە بوون، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی ئەم دواییەی حکومەتی دیمەشق بۆ سەر ناوچەکانی ڕەققە، تەبقە و دێرەزوور ئەنجامی دان.

ئەحمەد وتیشی: "ناوچەکە بەدەست بارودۆخێکی مرۆیی سەختەوە دەناڵێنێت لە سایەی بەردەوامیی هێرش و پێشێلکارییەکانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق، سەرەڕای ڕێککەوتنی ڕاگرتنی تەقە. ئەمە جگە لەوەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە فریاگوزاری و مرۆییەکان دوای هێرشەکانی ئەم دواییە کارەکانیان بە شێوەیەکی نزیکەی تەواوەتی هەڵپەساردووە، ئەمەش مەینەتییەکانی ئاوارەکانی زیاتر کردووە."

ڕوونی کردەوە: "حکومەتی دیمەشق لە ڕێگەی پەرەپێدانی هێرشەکانی ئەم دواییەیەوە هەوڵ دەدات کۆنترۆڵی ڕێگای دەروازەی سێماڵکا – فیشخاپوور لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات، بە مەبەستی بڕینی هاوکاری و پێداویستییەکان لە ناوچەکە، لە کاتێکدا بەڕێوەبەریی خۆسەر بەدەست سنوورداریی تواناکان و کەمیی توندی دەرمان و پێداویستییە فریاگوزارییەکانەوە دەناڵێنێت."

هاوسەرۆکی نووسینگەی کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە بەڕێوەبەریی خۆسەر ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو هاوکارییانەی ئەم دواییە لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە گەیشتوونەتە شاری کۆبانێ، سنووردارن و پێداویستییەکان پڕ ناکەنەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەوانەی کە ڕوویان لە شارەکە کردووە.

لە کۆتاییدا وتی، ئەگەر بارودۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ڕەنگە زۆرێک لە دامەزراوە سەرەتاییەکان، وەک نانەواخانە و نەخۆشخانەکان، ناچار بن کارەکانیان ڕابگرن، ئەمەش ژیانی ملیۆنان کەس دەخاتە مەترسییەوە.