نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماری ئەو کۆچبەر و ئاوارەوانە ئاشکرا دەکات کە گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان لە سووریا

Dîroka Belavkirin :
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماری ئەو کۆچبەر و ئاوارەوانە ئاشکرا دەکات کە گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان لە سووریا
پەیامی کورد... نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماری ئەو کۆچبەر و ئاوارەوانە ئاشکرا دەکات کە گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان لە سووریا

کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)، دوێنێ سێشەممە ئاشکرای کرد کە نزیکەی ١.٤ ملیۆن پەنابەری سووری گەڕاونەتەوە بۆ سووریا، لەگەڵ گەڕانەوەی نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارەی ناوخۆ بۆ ناوچە ڕەسەنەکانی خۆیان لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە.

سێلین شمیت، وتەبێژی کۆمیسیۆنەکە لە سووریا، ڕایگەیاند: "١.٤ ملیۆن پەنابەری سووری لە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دیکەوە بۆ ناوخۆی سووریا گەڕاونەتەوە، لە کاتێکدا نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارەی ناوخۆ گەڕاونەتەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە ناوخۆی وڵاتدا."

ئاماژەی بەوەش کرد کە پاڵنەری سەرەکی بۆ گەڕانەوە بریتییە لە ئارەزووی پەنابەران بۆ شادبوونەوەی خێزانی، لەگەڵ هەستکردنیان بەوەی زۆرێک لەو هۆکارانەی وایان لێکردبوون ئاوارە بن چیتر بەو ئاستە نەماون، سەرەڕای بەردەوامیی ئاستەنگە ئەمنی و ئابوورییەکان.

ڕوونیشی کردەوە کە ئەم گەڕانەوەیە "ئارەزوومەندانە"یە، بەڵام پێویستی بە پشتگیرییەکی زۆر هەیە لە بوارەکانی نیشتەجێبوون، بژێوی ژیان و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی گەڕاوەکان و بۆ ئەوەی ناچار نەبنەوە جارێکی دیکە ئاوارە ببنەوە.