وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل: لەگەڵ سووریا لەسەر ڕێگەی ئاشتی نین و حیساب بۆ سیناریۆی هێرشی زەمینی بۆ سەر باکوور دەکەین

Dîroka Belavkirin :
وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل: لەگەڵ سووریا لەسەر ڕێگەی ئاشتی نین و حیساب بۆ سیناریۆی هێرشی زەمینی بۆ سەر باکوور دەکەین


پەیامی کورد- دیمەشق
شەیسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دوێنێ پێنجشەممە ڕایگەیاند، ئیسرائیل لەگەڵ سووریا لەسەر ڕێگەی ئاشتی نییە.
وتیشی: "ئیسرائیل لە چوارچێوەی پلانی بەرگریکردن لە سنوورەکانی، سیناریۆی هێرش بۆ سەر باکووری وڵاتەکەی لەبەرچاو دەگرێت".
دەستەی پەخشی ئیسرائیلی لە زاری وەزیری بەرگریی ئیسرائیلەوە گواستیەوە کە وتوویەتی: "ئیسرائیل لەسەر ڕێگە ڕاستەکە نییە بەرەو ئاشتی لەگەڵ سووریا، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ بوونی هێزگەلێک لەناو سنوورەکانی سووریا کە بیر لە هێرشی زەمینی دەکەنەوە بۆ سەر ناوچە نیشتەجێبووەکانی بەرزاییەکانی جۆلان".
کاتس ڕوونیشیکردەوە: "حوسییەکان لەنێو ئەو هێزانەدان کە لە سووریا کار دەکەن و وەک مەترسییەک بۆ ئەنجامدانی هێرشی زەمینی بۆ سەر باکووری وڵات سەیر دەکرێن، ئیسرائیلیش لە کاتی پلاندانان بۆ بەرگریکردن لە سنوورە باکوورییەکانی، ئەم سیناریۆیە بە هەند وەردەگرێت""
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش دا کە ئیسرائیل پارێزگاری لە دروزەکانی سووریا دەکات و وتی: "سوپای ئیسرائیل پلانێکی ئامادەکراوی هەیە، ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر چیای دروز دووبارە ببنەوە، ئەوا دەستوەردان دەکەین، بە داخستنی سنوورەکانیشەوە".