پەیامی کورد... وەزارەتی دەرەوەی سووریا: ٣٠٠ زیندانی لە زیندانەکانی لوبنانەوە بۆ سووریا دەگوازرێنەوە
محەمەد تەها ئەحمەد، بەڕێوەبەری کاروباری عەرەبی لە وەزارەتی دەرەوە و کۆچبەران، ڕایگەیاند کە ٣٠٠ زیندانیی هەڵگری ڕەگەزنامەی سووری لە زیندانەکانی لوبنانەوە بۆ سووریا دەگوازرێنەوە.
پێشتر لە ماوەی ئەمڕۆدا، لوبنان و سووریا ڕێککەوتننامەیەکی دووقۆڵییان واژۆ کرد سەبارەت بە گواستنەوەی ئەو زیندانییە سزادراوانەی هەڵگری ڕەگەزنامەی هەریەک لەو دوو وڵاتەن بۆ زیندانەکانی وڵاتی ڕەسەنی خۆیان؛ ئەمەش لە دیدارێکی فەرمیدا لە بەیرووتی پایتەخت لەنێوان تاریق مەتری جێگری سەرۆک وەزیرانی لوبنان و مەزهەر ئەلوەیس وەزیری دادی سووریا ئەنجامدرا.
تەها لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ کەناڵی "ئێخباریە"ی سووری وتی: "پرۆسەی گواستنەوەکە دوای تەواوکردنی هەندێک ڕێکاری پێویستی کونسوڵگەری ئەنجام دەدرێت، وەک ئامادەکارییەک بۆ گواستنەوەی زیندانییەکان بۆ ناو خاکی سووریا".
ڕوونی کردەوە کە "هەر کەسێک بگوازرێتەوە بۆ زیندانەکانی سووریا، مافی ئەوەی هەیە داوای دووبارە دادگاییکردنەوە بکات".
بەپێی وتەی ئەو بەرپرسە سوورییە، ڕێککەوتننامەکە هەموو جۆرە تاوانە گەورەکان (جینایەت) دەگرێتەوە، "جگە لە دەستدرێژیی سێکسی و کوشتن".
ئاماژەی بەوەش کرد کە "سەبارەت بە پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو، هەماهەنگی لەگەڵ لوبنان هەیە بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ سووریا"، جەختیشی کردەوە کە "هاوکاری لەگەڵ ئیدارەی زیندانەکانی لوبنان هەیە بۆ پێشکەشکردنی پێداویستییەکان بۆ زیندانییەکان، بەتایبەت ئەوانەی نەخۆشن".
لە لایەکی دیکەوە، ئەسعەد ئەلشەیبانی وەزیری دەرەوە و کۆچبەران وتی: "واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی تایبەت بە دۆسیەی زیندانییە سوورییەکان لەگەڵ حکومەتی لوبنان، وێستگەیەکی مێژووییە بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆسیەیەی کە گەلەکەمان تووشی دڵەڕاوکێ کردووە، و دەستپێکێکە بۆ پەیوەندییەکی ستراتیژیی بەهێز کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵاتی برا دەکات".
لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا، ڕۆژنامەی "ئەلئەخبار" ڕەشنووسی ڕێککەوتننامەیەکی نێوان لوبنان و سووریای بڵاوکردەوە سەبارەت بە ئازادکردنی دەستبەسەرکراوە سوورییەکان لە زیندانەکانی لوبنان، کە ڕێککەوتننامەکە "چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ گواستنەوەی سزادراوان لە وڵاتی دەرچوونی حوکمەکەوە بۆ وڵاتی دەستبەسەرکراوەکە" لەخۆدەگرێت.