پەیامی کورد- حەلەب... پارێزگای حەلەب ڕایگەیاند دەوامی هەموو دامەزراوە حکومییەکان ڕادەگیرێت
پارێزگای حەلەب، ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، ڕایگەیاند کە سبەی چوارشەممە دەوامی فەرمی لە قوتابخانەکان، زانکۆ گشتی و تایبەتەکان و سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان ڕادەگیرێت، ئەمەش بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەمنییەی ئێستا شارەکە پێیدا تێدەپەڕێت.
لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە، پارێزگای حەلەب شاهیدی بۆردوومانێکی یەکتری توند بووە لە نێوان هێزەکانی حکومەت و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ "ئاسایش"، بەتایبەتی لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە، شێخ مەقسوود و بەنی زەید، کە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان کەس کە زۆربەیان مەدەنین.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ "ئاسایش" ڕایانگەیاند: "سێ کەس شەهید بوون و ٢٦ کەسی دیکەش بریندار بوون"، ئەوەش بەهۆی بۆردوومانی هێزەکانی حکومەت بۆ سەر سێ گەڕەکی ژێر کۆنترۆڵی ئەوان لە شاری حەلەب لە باکووری سووریا.
پارێزگاکە لە گشتاندنێکدا ڕایگەیاند: "بەهۆی بارودۆخی ئێستا و بە ئامانجگرتنی ژمارەیەک نەخۆشخانە و دامەزراوە بەهۆی بۆردوومانی تۆپخانەیی هەڕەمەکییەوە لەلایەن هەسەدەوە، پارێزگای حەلەب ڕایدەگەیەنێت کە سبەی چوارشەممە ٧ی کانوونی دووەم، دەوام لە هەموو قوتابخانە و زانکۆ گشتی و تایبەتەکان و فەرمانگە حکومییەکانی ناو سەنتەری شاری حەلەب ڕادەگیرێت."
لای خۆیەوە، حکومەتی سووریا ڕایگەیاند کە ژمارەی ئەو قوربانیانەی گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی "ڕازی" لە شاری حەلەب، بۆ سێ کوژراو بەرزبووەتەوە (کە دوو ژن و پیاوێکن)، جگە لە ١٠ بریندار کە منداڵیان تێدایە، و ئاماژەی بەوەش کردووە کە "لەلایەن هەسەدەوە لە ناو گەڕەکە نیشتەجێبووەکانی شارەکەدا کراونەتە ئامانج".
هەروەها گشتاندنەکەی پارێزگای حەلەب هەڵوەشاندنەوەی هەموو چالاکییە بەکۆمەڵ و کۆمەڵایەتییەکانی گرتەوە، تەنها ستافە پزیشکی و خزمەتگوزاری و فریاگوزارییەکان لەو بڕیارە بەدەر کراون.