کۆمەکی سەربازیی ئاسمانی و وشکایی گەیشتنە بنکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان

Dîroka Belavkirin :
کۆمەکی سەربازیی ئاسمانی و وشکایی گەیشتنە بنکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان


پەیامی کورد- قامیشلۆ
سەرچاوە کوردییە ئاگادارەکانی سوریا ڕایانگەیاند، دوێنێ پێنجشەممە، کاروانێکی سەربازیی سەر بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی دەروازەی "وەلید"ەوە لەسەر سنووری هەرێمی کوردستان، گەیشتە ڕۆژئاوای کوردستان.
بەپێی سەرچاوەکان، کاروانەکە لە نزیکەی ٢٥ بارهەڵگر پێکهاتووە کە زرێپۆشی سەربازی و سندوقی لۆجیستیی داخراو، هەروەها تۆپ و تانکەری سووتەمەنییان هەڵگرتووە، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو هێز و پشتیوانییە سەربازییانەدایە کە هاوپەیمانان ڕەوانەی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستانی دەکەن.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کرد، کاروانەکە بەرەو بنکەکانی هاوپەیمانان لە گوندەواری حەسەکە بەڕێکەوتووە، وەک بەشێک لەو زنجیرە جووڵانەی کە ئامانجیان بەهێزکردنی بوونی سەربازی و پشتیوانیکردنی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانە لە ناوچەکەدا.
هەمان سەرچاوەکان ڕایانگەیاند، دوێنێ فڕۆکەیەکی بارهەڵگری ئەمەریکی کە لە عێراقەوە هاتبوو، لە بنکەی فڕۆکەخانەی "خەراب ئەلجیر" لە گوندەواری ڕمێلان لە باکووری حەسەکە نیشتەوە و چەند هەلیکۆپتەرێکیش بۆ دابینکردنی ئاسایشی پرۆسەی نیشتنەوەکە یاوەرییان دەکرد. فڕۆکەکە بارێکی نوێی لە کەرەستەی سەربازی و لۆجیستی، جگە لە چەک و ئامێری ئەلیکترۆنیی پێشکەوتوو گواستۆتەوە.