پەیامی کورد ... گەمارۆوە نوێیەکانی ئەمریکا بۆسەر کەسایەتییە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی؛ وەزیری ناوخۆ و بابەک زەنجانی
ڕۆژی هەینی ١٠ی ڕێبەندان، نووسینگەی کۆنترۆڵ کردنی سەروەت و سامانی دەرەکی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، سەپاندنی گەمارۆوە نوێیەکانی پەیوەست بە کۆماری ئیسلامی لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم ڕاگەیاند؛ سزاکان کە بەپێی ڕاگەیاندنە فەرمییەکە حەوت کەس و لانیکەم یەک دامەزراوە دەکاتە ئامانج.
بە پێی ئەو زانیارییانەی لە ماڵپەڕی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا بڵاو کراوەتەوە، ناوی ئێسکەندەر مۆئمنی وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامی لە ڕیزی ئەو کەسانەیە کە سزایان خراوەتە سەر؛ بەرپرسێک کە بە ووتەی واشینتۆن سەرپەرشتی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی دەکات؛ ئەو هێزانەی کە وەک بەرپرسیار لە کوژرانی هەزاران خۆپیشاندەر لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایی یەی سەرتاسەری ووڵاتدا دەستنیشان کراون.
هەروەها بابەک زەنجانی، لە تۆمەتبارانی یەكەم، گەورەترین دۆسیەی گەندەڵی نەوتی لە مێژووی ئێران دا، کەسایەتییەکی دیکەی دیاری ئەو لیستەیە. وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە زەنجانی “بۆ سپیکردنەوەی پارە بۆ ڕێژیم لە زیندان ئازاد کراوە” و لەو کاتەوە بە پێشکەش کردنی پاڵپشتی دارایی بۆ پڕۆژە گەورەکانی سوپای پاسداران و پێکهاتەکانی دیکەی سەر بە حکوومەت، ڕۆڵی کارای لە دەوردانی سزاکان دا گێڕاوە.