یونیفێل: بژاردەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ١٧٠١ دوای کشانەوەمان تا مانگی حوزەیران پێشکەش دەکرێن

Dîroka Belavkirin :
یونیفێل: بژاردەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ١٧٠١ دوای کشانەوەمان تا مانگی حوزەیران پێشکەش دەکرێن
پەیامی کورد... یونیفێل: بژاردەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ١٧٠١ دوای کشانەوەمان تا مانگی حوزەیران پێشکەش دەکرێن

تێلاک پۆخارێل، جێگری وتەبێژی فەرمی هێزە کاتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان (یونیفێل) جەختی کردەوە کە نێردەکە ڕووبەڕووی تەحەدای سەخت و گۆڕاو بووەتەوە و هێشتاش بەدرێژایی هێڵی شین و لە باشووری لوبنان ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بەتایبەتی لە سایەی بەردەوامی بوونی سوپای ئیسرائیل و چالاکییە سەربازییەکانی لە باکووری هێڵی شین، جگە لە کاریگەریی کەمکردنەوەی بودجەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر کارەکانی نێردەکە.

پۆخارێل ڕوونیکردەوە کە لە دوای کۆتایی هاتنی کردە دوژمنکارییەکان، بارودۆخی مەیدانی بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕاوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە یونفێل لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی لە ساڵی ٢٠٢٧ بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش، لە ماوەی دەستبەکاربوونی کە ماوەیەتەوە هەموو هەوڵێک دەدات لە ڕێگەی بونیادنان لەسەر ئەو سەقامگیرییە فشەڵەی کە ئێستا هەیە.

سەبارەت بە پێشێلکارییە بەردەوامەکانی بڕیاری ١٧٠١، پۆخارێل ئاماژەی بەوەدا کە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٤دا جەختی لە پابەندبوونی لایەنەکان بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە کردووەتەوە، و پێی وابوو کاتی ئەوە هاتووە هەموو لایەنەکان بە نیەتپاکی و بە جیدی پابەندبن بە ئەرکەکانیان. جەختیشی کردەوە کە یونفێل تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردن و ڕاپۆرتکردنی پێشێلکارییەکان، هەروەها بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی لایەنەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە.

ئاماژەی بەوەش کرد کە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەر داوای ئەنجومەنی ئاسایش، تا مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٦ بژاردەکانی جێبەجێکردنی بڕیاری ١٧٠١ دوای کشانەوەی یونفێل پێشکەش دەکات، و ڕوونیکردەوە کە نێردەکە بەشداری لەم گفتوگۆیانەدا ناکات، بەڵکو لە ئێستادا سەرنجی لەسەر بەهێزکردنی سەقامگیرییە بە شێوەیەک کە ڕێگە بە سوپای لوبنان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بدات لەسەر ئەو بناغەیەی کە دایڕشتووە، کار بکەن.

پۆخارێل لە پەیامێکدا کە ئاراستەی دانیشتوانی باشوور و گەلی لوبنانی بە گشتی کرد، جەختی کردەوە کە یونفێل بۆ ماوەی نزیکەی پێنج دەیە کاری بۆ پاراستنی سەقامگیری لە باشووری لوبنان کردووە، لەگەڵ پاراستنی پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ کۆمەڵگە ناوخۆییەکان، و توانیویەتی گرژییەکان هێور بکاتەوە و ڕێگری لە لێکتێگەیشتنی هەڵە بکات، ئەمەش بەشداربووە لە دروستکردنی هەستکردن بە سەقامگیری کە ڕێگەی بە کۆمەڵگاکان داوە بۆ ساڵانێکی درێژ گەشە بکەن.

هەروەها وتیشی، یونفێل لە ژێر بارودۆخی ئێستادا بەردەوامە لە پشتگیریکردنی دووبارە بڵاوەپێکردنەوەی سوپای لوبنان لە باشوور و پێشکەشکردنی هاوکاری بە دانیشتوانی ناوچەکە، ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە هێزەکانی ئاشتیپارێز لە تەنیشت خەڵکەوە وەستاون، بەتایبەتی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا کاتێک ڕەتیانکردەوە شوێنەکانیان چۆڵ بکەن سەرەڕای داواکارییەکانی ئیسرائیل بۆ ئەوە.

پۆخارێل لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە یونفێل بەشێکە لە پابەندبوونێکی فراوانتری نەتەوە یەکگرتووەکان بەرامبەر بە لوبنان، چونکە زیاتر لە بیست ئاژانس و سندوق و بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان کار بۆ پشتگیریکردنی گەلی لوبنان دەکەن، و هێزەکانی ئاشتیپارێز یارمەتیدەر بوون لە ئاسانکاری گەیشتنیان بۆ باشوور. ئاماژەی بەوەش کرد کە بەشداریی یونفێل لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ کۆتایی دێت، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئامادەیی دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی لوبنان و باشوورەکەی.