پەیامی کورد... پێش کۆبوونەوەیەکی چاوەڕوانکراوی نێوان زیلێنسکی و ترەمپ.. هێرشێکی چڕی ڕووسیا بۆ سەر پایتەختی ئۆکرانیا
هێزی ئاسمانیی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، کیێڤی پایتەخت کەوتووەتە ژێر هێرشێکی چڕی ڕووسیا، لە کاتێکدا دەنگی تەقینەوە لە شارەکە بیستراوە و سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە چالاک بوون.
ئەم هێرشەی ڕووسیا دوو ڕۆژ پێش ئەو کۆبوونەوەیە دێت کە بڕیارە ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ ئەنجامی بدات؛ بە مەبەستی "داڕشتنی وردەکارییەکانی ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە نزیکەی چوار ساڵە لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە".
هێزی ئاسمانیی ئۆکرانیا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، جووڵەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بەسەر چەندین ناوچەی ئۆکرانیادا بینراوە، لەنێویاندا پایتەخت.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، کەناڵێکی سەربازیی ئۆکرانی لە "تێلیگرام" بڵاوی کردەوە، "مووشەکی کرووز و مووشەکی بالیستی بەرەو شارەکە ئاراستە کراون".
ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ لە تێلیگرام نووسیویەتی: "دەنگی تەقینەوە لە پایتەخت دەبیسترێت. هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی کار دەکەن؛ لە پەناگەکان بمێننەوە".
هەروەها تێیمور تكاتشێنکۆ، سەرۆکی کارگێڕیی سەربازی لە کیێڤ، داوای لە دانیشتووانی پایتەخت کرد نەچنە دەرەوە و هۆشداری دا کە "دوژمن هێرش دەکاتە سەر پایتەخت".
کاتژمێر نزیکەی ٢ی بەیانی، باری نائاسایی و ئاگادارکردنەوەی ئاسمانی لە سەرتاسەری وڵات ڕاگەیەندرا.
لە هەفتەکانی ڕابردوودا، خێرایی وتووێژەکان بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەو ململانێیە چوار ساڵەییەی کە لەسەر بنەمای پلانێکی داڕێژراوی ترەمپە، زیادی کردووە.