پەیامی کورد- حەلەب... گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب ڕووبەڕووی گرژییەکی مەترسیدار و کۆکردنەوەی تانک و چەکی قورس دەبنەوە
هێڤین سلێمان، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گشتیی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب ڕایگەیاند، گەڕەکە کوردییەکان ڕووبەڕووی "گرژییەکی مەترسیدار دەبنەوە کە خۆی لە کۆکردنەوەی تانک و چەکی قورس لە دەوروبەری گەڕەکە نیشتەجێبوونەکاندا دەبینێتەوە."
سلێمان لە لێدوانێکدا بۆ میدیا ناوخۆیییەکان ئاماژەی بەوە کرد کە ئابڵۆقەی سەر گەڕەکە کوردییەکان لە ٢٥ی ئەیلوولی ئەمساڵەوە بەردەوامە، ئەمەش فشار و مەینەتییە مرۆییەکانی دانیشتووانی ناوچەکەی زیاتر کردووە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە زۆربەی لایەنەکان پابەندن بەو ڕێککەوتنەی کە لە ١٠ی ئازاری ڕابردوو لە دیمەشق واژۆ کراوە، "بەڵام گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا هەوڵ دەدەن بارودۆخەکە بقۆزنەوە بۆ نانەوەی پشێوی و ئاژاوە لە نێوان خەڵکدا."
سەرچاوە مەیدانییەکانیش ڕاگەیاندووە، گروپە چەکدارەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری سوریا، سەرجەم ئەو ڕێگایانەیان داخستووە کە گەڕەکە کوردییەکان بە گەڕەکەکانی دیکەی شارەکەوە دەبەستنەوە.
ئاماژەیان بەوەش کردووە کە ڕێگە بە چوونەدەرەوە دەدرێت، بەڵام ڕێگە نادرێت جارێکی دیکە کەس بگەڕێتەوە ناو گەڕەکە کوردییەکان.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش) لە شاری حەلەب، دوێنێ هەینی لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند کە "یەکێک لە خاڵە ئەمنییەکانیان لە دەوروبەری بازنەی (دوار)ی شێحان، بە دوو گولە هاوەنی جۆری RPG-7 لەلایەن گروپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشقەوە کراوەتە ئامانج، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی لە ناوچەکەدا."
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە "ئەندامەکانیان بە شێوەیەکی سنووردار و لە چوارچێوەی مافی بەرگری لەخۆکردن وەڵامی سەرچاوەی تەقەکانیان داوەتەوە، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر دانبەخۆداگرتن و دوورکەوتنەوە لە پەرەسەندنی شەڕ."
ڕوونیشیان کردەوە کە "هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەردەوامن لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخەکە و پاراستنی سەقامگیری و ڕێگریکردن لە خراپتربوونی گرژییەکان لە ناوچەکەدا."
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، ڕێگاکان بە داخراوی ماونەتەوە و ناوچەکە لە دۆخێکی بێدەنگی و چاوەڕوانیدایە.