یەکێتیی ئەورووپا داوای گەڕاندنەوەی ئینتەرنێت لە ئێران دەکات؛ "تاران تووندوتیژی دەشارێتەوە"

Dîroka Belavkirin :
یەکێتیی ئەورووپا داوای گەڕاندنەوەی ئینتەرنێت لە ئێران دەکات؛ "تاران تووندوتیژی دەشارێتەوە"
  • یەکێتیی ئەورووپا داوای گەڕاندنەوەی ئینتەرنێت لە ئێران دەکات؛ "تاران تووندوتیژی دەشارێتەوە"


یەکیتی ئەورووپا داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکات دەست بەجێ هێڵەکانی ئینتەرنێت بۆ هاووڵاتییان بگەڕێننەوە و سەرکۆنەی هەر جۆرە تووندوتیژییەک دژی خۆپێشاندەران دەکات. هاوکات پەرلەمانتارێکی ئەڵمانیش دەڵێت، بڕینی ئینتەرنێت ئامرازێکە بۆ شاردنەوەی سەرکوتکارییەکان.

ئەنوەر ئەلعەنوونی، ووتەبێژی یەکیتی ئەورووپا ڕایگەیاند، خەڵکی ئێران بۆ ژیانێکی باشتر داواکاری ڕەوایان هەیە و هەر جۆرە تووندوتیژییەک دژی خۆپێشاندانە ئاشتییانەکان ناپەسندە. داواشی لە تاران کرد ڕێز لە مافی ڕادەربڕین بگرێت و دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت بۆ هەمووان دەستەبەر بکاتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، هانا نیومان، نوێنەری ئاڵمانیا لە پەرلەمانی ئەورووپا، ڕایگەیاند بڕینی ئینتەرنێت کێشەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکوو حکوومەت بۆ "شاردنەوەی تووندوتیژی و تێکشکاندنی بەرگری خۆپێشاندەران" بەکاری دەهێنێت. ووتیشی: "ئەم دۆخە بەواتای تووندوتیژی و دەستگیرکردنی زیاترە؛ خێزانەکان لە بێ ئاگاییەکی تەواودا جێهێڵدراون و نازانن ئازیزانیان زیندوون یان لە زیندانەکاندان."

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، لە شەوی ڕابردووەوە هاوکات لەگەڵ فراوان بوونی ناڕەزایەتییەکان، ئینتەرنێت لە ئێران بەتەواوی بڕاوە. ڕێکخراوی "نێت بلۆکس" پشتڕاستی کردەوە کە پەیوەندی ئینتەرنێت لە تاران و زۆربەی شارەکان پچڕاوە. ئێستا دەستڕاگەیشتن بە ماڵپەڕە ناوخۆیی یەکانیش لەڕێگەی ڤی پی ئێن-ەوە لە ناوەوە و دەرەوەی ئەو ووڵاتە ئەستەم بووە.