كوژران و برینداربوونی هاووڵاتییانی كوردستان لە دوای مانگرتنی گشتی لە کوردستان
بەپێی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار، لە ناوچەی دەرەدرێژ و دەوڵەت ئابادی کرماشان، هاووڵاتییانی کورد دوای مانگرتن بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە سیاسەتە دژە مرۆیی یەكانی ڕێژیمی ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان، بەڵام لەگەڵ تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان ڕووبەڕووبوونەوە و بەهۆیەوە چەندین هاووڵاتی شەهید و بریندار بوون.
شایانی باسە لە هەموو گەڕەکەکانی شاری کرماشان خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکان و درووشمی "مەرگ بۆ ستەمکار، چ شا بێت و چ ڕێبەر"یان ووتەوە.
هەروەها لە شارەکانی دیکەی کوردستان لەوانە: شەهئاباد، ئەیوان، کەرەند، قەسری شیرین، گیەڵان، سەرپێڵ زەهاو، کامیاران، سنە و ئیلام، خەڵکی ناڕازی شەقامیان جێ نەهێشت و درووشمیان دژی کوشتنی هاووڵاتیانی کورد و ڕێژیمی دیکتاتۆری ئێران وتەوە.
خەڵکی کوردستان لەگەڵ پێشوازی لەو بانگەوازە، جارێکی دیکە تاوانەکانی ڕێژیمی ئێرانیان لە ناوچەکانی کرماشان، ئیلام و لوڕستان شەرمەزار کرد.