ئێران ڕێککەوتنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆمی هەڵوەشاندەوە

پەیامی کورد ... ئێران ڕێککەوتنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆمی هەڵوەشاندەوە
میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئەو ووڵاتە، هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێککەوتنەی ڕاگەیاند کە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆمی (IAEA) واژوو کرابوو.
لاریجانی لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش دا لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، ڕایگەیاند: "وەک پێشتر عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی پێدابوو، ئەگەر میکانیزمی گێڕانەوەی سزاکان کارا بکرێت، ئێران پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنەکەدا دەکات. ئێستا ئەمە ڕوویداوە و بەمەش ڕێککەوتنەکە بە شێوەیەکی کاریگەر هەڵدەوەشێتەوە."
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ناوخۆی ئێران ، لاریجانی ووتووشیەتی: "بێگومان ئەگەر ئاژانس هەر پێشنیازێکی نوێی هەبێت، ئێمە لە سکرتاریەتی ئەنجوومەن تاوتوێی دەکەین."
ئەمە دوای نزیکەی سێ هەفتە دێت لە لێدوانێکی عەباس عێراقچی، کە هۆشداری دابوو ئەگەر زلهێزە ڕۆژئاوایی یەکان سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بسەپێننەوە، ووڵاتەکەی ڕێککەوتنەکە هەڵدەوەشێنێتەوە.
ئەم بابەتە 8 جار خوێندراوەتەوە




