ئەنجومەنی ئاسایش تاوتوێی ڕەشنووسی بڕیارنامەی لابردنی شەرع و خەتاب لە لیستی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات

پەیامی کورد- دیمەشق
ڕۆژنامەی "زا ناشيونال" ئەمریکی ڕۆژی دووشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان تاوتوێی ڕەشنووسی بڕیارنامەیەک دەکات بۆ لابردنی ناوی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سوریا و وەزیری ناوخۆی سوریا، ئەنەس خەتاب، لە لیستی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕەشنووسی بڕیارنامەکە گرنگترینە لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵدا.
ئەوەشی خستۆتەڕوو: "ڕەشنوسی بڕیارنامەکە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی بەرەو دیمەشق، ئامانجی سووککردنی سزای لەمێژینەی سەپێنراو بەسەر سوریا و دەستپێکردنەوەی پەیوەندی نێودەوڵەتی لەگەڵ حکومەتەکەیدا".
ڕۆژنامە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە دەرکردنی بڕیارنامەکە "هەنگاوێکە کە ڕێگە خۆش دەکات بۆ سووککردنی ئەو سنووردارکردنانەی بەسەر دیمەشقدا سەپێنراون و دووبارە بەشداریکردنی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دوای چەندین ساڵ لە گۆشەگیری".
ڕوونیشیکردەوە، ئەو ڕەشنووسی بڕیارنامەیەی کە ئەمریکا داڕشتووە لە 9ی تشرینی یەکەمدا لەنێو 15 ئەندامی ئەنجومەنەکەدا بڵاوکرایەوە، بڕیارنامەکە ڕێگە بە ڕۆیشتنی سەروەت و سامانی دارایی و پارە و سەرچاوە ئابوورییەکان دەدات بۆ حکومەتی سوریا.
بەگوێرەی دەقی ڕەشنووسی بڕیارنامەکە: "پرۆژەی بڕیارنامەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە وڵاتانی ئەندام بە سووریاشەوە، دەبێ بەردەوام بن لە ڕێگریکردن و سەرکوتکردنی ئەو کردەوە تیرۆریستیانەی کە بە تایبەتی لە لایەن داعش و هەموو ئەو کەس و گروپ و کۆمپانیا و قەوارانەی دیکەی پەیوەندیدار بە قاعیدە یان داعشەوە ئەنجام دەدرێن، لە هەمان کاتدا دڵنیابن لەوەی هیچ لایەنێکی سوری پشتیوانی لەو جۆرە گروپانە نەکات".





