٢٢ی ئابی خوێناوی و بانگەوازێک بۆ سەرکردایەتی و فەرماندەکانی یەکێتی

سەرکردەو فەرماندە ماندووەکان
شەبەقی ٢٢ی ٨ی دوێنێ، بەبڕیاری تاکڕەوانەی سەرۆکی یەکێتی، بێ ئەوەی کۆبونەوەی سەرکردایەتی یان مەکتەبی سیاسی یەکێتی بکات، تەنھا بەڕاوێژ لەگەڵ چەند کەسێکی نزیکی خۆی، بەرەبەیانی ٢٢ی ئاب، یەکێک لە تاوانە گەورەکان لەمێژوی کورد و کوردستان، چوە پاڵ ھەموو ئەو تاوانانەی لە مێژوودا کە لەشەڕی ناوخۆدا ئەنجامدراون. بەڵام ئەم تاوانە جیاوازە لە تاوانەکانی تر. جیاوازییەکەی لەوەدایە گوایە حکومەتی ھەرێممان ھەیە، گوایە دیموکراسیامان ھەیە، گوایە بەشێکین لە دەستوری ھەمیشەیی عێراق، کەچی سەرۆکی یەکێتی و ئەو عەسکەریانەی بەقسەیان کرد، ھێرشێکی خوێناویان کردە سەر لالەزار و بەبێ ھیچ سڵ کردنەوەیەک، لاھور و زیاتر لە ١٥٠ کەسیان بەدیل گرت. زیاتر لە ٣٥ کەسیشیان بە چەکی قورس و دەبابەو درۆن کردە قوربانی ڕقی حیزبایەتی و خزمایەتی
سەرکردەو فەرماندەکان
خۆ بینیتان ئەو ھێزە تایبەتیانەی دژە تیرۆر و کۆماندۆ، کە دەمێکە دەیانەوێت لە ھێزی مێژوویی یەکێتی جیایان بکەنەوە، پڕ چەکیان کردن و، فەرماندەکانیان پەروەردەیەکی دوور لە گیانی پێشمەرگانە کراون. ھەتا وەکو ھێزێکی سەرکوتکەر، بەدەست سەرۆکی یەکێتییەوە بەکار بھێنرێن. بینیتان ھەر پرسیش بە فەرماندەیی ھێزەکانی ٧٠ نەکرا.
لەبەرامبەر بینای لالەزار، سەرۆکی یەکێتی ویستی شەڕێکی خوێناوی وا ئەنجامبدات، ھەتا تەواوی سەرکردایەتی و فەرماندەکانی یەکێتی، ھەروەھا ئەو لایەنانەی سیاسەتی ملھوڕانەی ئێستای یەکێتیان قبوڵ نییە، ھەمویان بتۆقێنێت.
ئەو ھێزانەی کە پەلاماری لالەزاریاندا، ھەر ئەو ھێزەیە کە بافڵ لە دوای مردنی مام جەلالەوە خەریکی مەشق کردن و گۆش کردن و ڕق چاندنە لەناویاندا! ویستی بەم پەلاماردانەی لالەزار، ڕایبگەیەنێت کەوا، ئیتر یەکێتی نە حیزبە دیموکراسییەکەی جارانەو نە فەرماندەکانی ھێزەکانی ٧٠ش جێگەی بڕوای سەرۆکەکەیانن.
ئێستا ئیتر ئێوە ئەی سەرکردەو فەرماندەکان، لەبەردەم ڕوداوێکی ترسناکی تازەدان، یان کەرامەت و سەربەرزی خۆتان دەپارێزن، یان بێدەنگ دەبن و بێدەنگیش بەرامبەر بەتاوان دەبێتە بەشێک لە تاوانەکە. بۆیە ھەتا زووە ڕابچڵەکێن و ھەڵوێست بەرامبەر بەم تاوانەو بەرامبەر بە سەرۆکی یەکێتی بنوێنن. ئەگینا تاوانی تر بەڕێوەیەو دوریش نییە ئەم جارەیان بەشێک لە ھێزەکانی ٧٠ پەلکێشی تاوانی تر بکات. بە تایبەتی شێخ جەعفەر ھەڵوێستێکی جوامێرانەی بەرامبەر بە سەرۆکی یەکێتی نواندووە
ئەم ھەڵوێستەش لە دوا ئەنجامدا، یان بافڵ پەلاماری دەدات یان شێخ جەعفەر بیرو بەرنامەکانی بەجۆرێک فراوان دەکات، کە مستی بافڵ بە درەوشەی ئەوانە دەگەڕێتەوە کەمل کەچ ناکەن بۆی
کۆمەڵێک پێشمەرگەی دێرین
٢٤ی ئابی ٢٠٢٥
ئەم بابەتە 121 جار خوێندراوەتەوە




