بەرھەمی کارگەکانی ھەرێم بۆ ووڵاتان هەناردە دەکرێت

بەرھەمی کارگەکانی ھەرێم بۆ ووڵاتان هەناردە دەکرێت
پەیامی کورد   ...   بەرھەمی کارگەکانی ھەرێم بۆ ووڵاتان هەناردە دەکرێت

بەڕێوبەری گەشەپێدانی پیشەسازی لە ھەولێر دەڵێت، بەھۆی گرینگیدانی حکوومەت بە کەرتی پیشەسازی و دامەزراندنی کارگە، ئێستا بەرھەمی کارگەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ زۆر ووڵاتانی جیھان دەچێت کە نزیکەی ٥٠ کارگەی دەبن."

تەیب کەژۆ، بەڕێوبەری گەشەپێدانی پیشەسازی لە ھەولێر، ڕایگەیاند "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەم دا گرینگی زۆری بە کەرتی پیشەسازی داوە، ئاسانکاری زۆری بۆ پڕۆژەکان و مووڵەت دان بە پڕۆژەکان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان و لێخۆشبوونی گومرگی کردووە، بۆ ھاوردەکردنی کەرستەی سەرەتایی بۆ کارگەکان، ئەمەش وایکردووە کارگەی زۆر لە ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بوارەکاندا دابمەزرێن، بە ھەزاران ھەلی کاریش لەو ڕێگەیەوە بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان ڕەخساوە."
تەیب کەژۆ زانیاری دا کە "بەردەوام کارگەی تازە درووست دەکرێن و بەرھەمیشیان کێبرکێ لەگەڵ بەرھەمی ھاوردەدا دەکات، بگرە زۆریش باشترە، بۆیە ئێستا بەرھەمی کارگەکانی ئێمە ٦٠%ی بۆ عێراق دەچێت و بۆ ووڵاتانی ئەمریکا و تورکیا و کەندئاو و ئەورووپاش دەچن، کە ئامانجی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە لە ھاوردەکارەوە ببێتە ھەرێمێکی ھەناردەکار، ئێستاش بەکردار ئەو کارە دەکەین و ھەنگاوی زۆر باشمان ناوە، بەردەوامیش دەبین، بۆ ئەوەی بتوانین ھەموو بەرھەمەکانی پێداویستی ناوخۆ پربکەینەوە، ئەوەی دیکەش ھەناردەی دەرەوەی ووڵات بکرێت."
تەیب کەژۆ ئامارێکی راگەیاند، "لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، زیاتر لە ٣ھەزار و ٥٠٠ کارگە مووڵەتیان دامەزرانیان پێدراوە، کارگەکان جۆراوجۆرن، گەورە و مامناوەند و بچووکن و بەرهەمەکانیان زیاتر لە ناوخۆ، خوار و ناوەڕاستی عێراق بەبازاڕ دەکرێت، ژمارەیەکی دیاریکراویش کە نزیکەی ٥٠ کارگە دەبن بەرھەمەکانیان ڕەوانەی دەرەوە دەکەن."

ئەم بابەتە 11 جار خوێندراوەتەوە