پەیامی کورد ... تۆم باراک : بە دەستی خۆمان عێراقمان پێشکەشی ئێران کرد و عێراقیش دەسەڵاتی نییە
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، پەردەی لەسەر هەڵە ستراتیژییەکانی ووڵاتەکەی لە عێراق هەڵدایەوە و هێرشی کردە سەر سیاسەتی ئیدارەکانی پێشووی کۆشکی سپی.
باراک لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (دێ ناشیۆناڵ)، ڕایگەیاند؛ "سیاسەتی ئیدارەی پێشووی ئەمریکا بووە هۆی بەهێزکردنی پێگەی ئێران لە ناوچەکەدا. ئاماژەی بەوەش دا درووست بوونی "بۆشایی دەسەڵات" لە عێراقدا، دەرفەتی زێڕینی بە تاران بەخشی و ئەو بۆشایی یەی پڕکردەوە."
سەبارەت بە سیستەمی سیاسی عێراق، باراک ووتی: "ئێمە هەڵەیەکی گەورەمان کرد کە لە ئەنجامدا کاریگەری و هەژموونی زیاتری بەخشییە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لەناو پەرلەمان دا."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نوێنەرەکەی ئەمریکا دۆخی ئێستای حکوومەتی عێراقی بە نموونەیەکی شکست خواردوو وەسف کرد کە دەبێت ئەمریکا وانەی لێ وەربگرێت.
سەبارەت بە موحەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، باراک ووتی: "سوودانی پیاوێکی لێهاتووە، بەڵام دەسەڵاتی هیچی نییە."
باراک هۆکاری بێ دەسەڵاتی سوودانی گەڕاندەوە بۆ هەژموونی هێزەکانی حەشدی شەعبی و نوێنەرەکانیان لە پەرلەمان، کە بە ووتەی ئەو "ڕێگرن لەبەردەم پرۆسەی سیاسی و ناهێڵن سوودانی هیچ هاوپەیمانییەتییەکی کاریگەر پێک بهێنێت."