پەیامی کورد-قامیشلۆ... ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا: هیچ سەقامگیرییەک نییە بەبێ دانپێدانانی دەستووری بە مافەکانی کورد
ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا دوێنێ یەکشەممە، جەختی کردەوە کە چەسپاندنی مافە نەتەوەیی و دەستوورییەکانی کورد لە سوریا دەبێت لە پێشەوەی ئەرکەکانی قۆناغی گواستنەوەدا بێت، و دووپاتیشی کردەوە کە پشتگوێخستنی ئەم مافانە زیان بە ڕەوتی سەقامگیری و بنیاتنانی دەوڵەتی نوێ دەگەیەنێت.
ئەنجومەنەکە لە بەیاننامەیەکدا کەوتووە، ڕایگەیاند: "هەشتی کانوونی یەکەم هاوکاتە لەگەڵ تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر هەڵاتنی بەشار ئەسەد و هەرەسهێنانی سیستەمە ستەمکارەکەی، کە سەرکوت و گەندەڵی پەیڕەو دەکرد و بۆ ماوەی چەندین دەیە بوونی نەتەوەیی کوردی کردبووە ئامانج، و لە ساڵانی شۆڕشدا جۆرەها ئازار و ئەشکەنجەی بە سورییەکان چەشت."
هەروەها ڕوونیشیکردەوە کە "ئەم ڕۆژە وێستگەیەکی مێژوویی و سەرەتای قۆناغێکی نوێیە کە سورییەکان بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە، عەرەب و کورد و سریان و ئاشووری و تورکمان، موسڵمان و مەسیحی و ئێزیدییەکان دروستیان کردووە، ئەوانەی لەپێناو ئازادی و کەرامەتدا قوربانییان دا."
ئەنجومەنەکە داوای لە "ئیدارەی سوریا کرد پەیڕەوی کرانەوە و دیالۆگی جددی لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان بکات، و دەست بە دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ شاندی هاوبەشی کوردی بکات بۆ مسۆگەرکردنی چەسپاندنی مافەکانی کورد لە دەستووری نوێدا."
ئاماژەی بەوەش دا کە "ئەوەی لەم دواییانەدا لە هەندێک خۆپیشانداندا دەرکەوتووە لە وتاری ڕق و کینە دژی پێکهاتەکانی سوریا، درێژکراوەی میراتی ڕژێمی لەناوچووە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی، و داوای لە حکومەت کرد لێپرسینەوە لە هاندەران بکات و بەهاکانی پێکەوەژیان بەهێز بکات و مافی هەمووان بەبێ جیاوازی بپارێزێت."
لە کۆتاییدا ئەنجومەنەکە گوتی: "سوریای خوازراو، سوریای ئازادی و کەرامەت و دیموکراسی و لامەرکەزییە، بەو ناسنامە فرەییەی کە بە هاوبەشیی سەرجەم ڕۆڵەکانی بنیات دەنرێت."