نەتەوە یەکگرتووەکان گەڕانەوەی ٣٠٠ هەزار پەنابەری سوری لە لوبنانەوە ڕادەگەیەنێت

نەتەوە یەکگرتووەکان گەڕانەوەی ٣٠٠ هەزار پەنابەری سوری لە لوبنانەوە ڕادەگەیەنێت

 

پەیامی کورد- دیمەشق
لیزا ئەبو خالید، بەرپرسی ڕاگەیاندن لە کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، دوێنێ هەینی، ڕایگەیاند کە ژمارەی ئەو پەنابەرە سوریانەی کە لە لوبنانەوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە گەیشتووەتە ٣٠٠ هەزار پەنابەر.
لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، قۆناغێکی نوێی پەنابەرانی سوری لە لوبنانەوە گەیشتنەوە شار و شارۆچکەکانیان، ئەوەش لە چوارچێوەی پرۆگرامی گەڕانەوەی خۆبەخشی کە لەلایەن حکومەتی لوبنانەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوتا سورییەکەی و بە چاودێری کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران ڕێکدەخرێت.
ئەبو خالید لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی "ئەنادۆڵ"، وتی کە قۆناغی شەشەمی گەڕاوەکان، لە دەروازەی سنووری عەرێدە لە باکووری لوبنانەوە دەستی بە جوڵە کردووە، کە نزیکەی ٤٠٠ پەنابەر بەرەو ناوچەکانی حومس و ئیدلب ڕۆیشتوون.
زیادیشی کرد: "کۆمیسیۆن بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پرۆگرامی گەڕانەوەی خۆبەخشی لە لوبنانەوە بۆ سوریا بۆ پشتگیریکردنی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، و دوای گەڕانەوەیان بەدواداچوونیان بۆ دەکات لە ڕێگەی پێشکەشکردنی ئەوەی کە پێویستە بۆ تێکەڵبوونەوەیان لە ناوچەکانیان."

ئەم بابەتە 9 جار خوێندراوەتەوە